نوێترین

recent

14/08/2014

٣١ ئاب بەڕێوەیە؟ بۆچی؟ وەڵامێک بۆ کاک ڕێبوار کەریم وەلی

رێبین هەردی
نەمئەویست لەم کاتەدا هەندیک قسە بکەین کە دەکرێت دواتر بیکەین، بەلام کاتیک ئەم نوسینەی کاک ڕێبوار کەریم وەلیم بینی ناچار بوم هەندێک ڕوانینی سەرەتایی خۆم بە خوێنەران بڵێم. نوسەریکی دیاری کەناڵی روداو و پیشکەشکاری بەناوبانگی بەرنامەی ”کەوانە" کە نزیکە لە ناوەندەکانی بڕیار و بیرکردنەوەی پارتیەوە.

لە نوسینێکی هەڕشە ئامێزی پێشبینی نەکراودا باسی ئەوە ئەکات ٣١ ئابێکی تر بەڕیوەیە...کاک ریبوار کەریم وەلی وەک زوربەی پارتیەکان کە ٣١ ئاب بە رۆژێکی پرشنگدار ئەزانن کە قۆناغێکی تازەی دروستکردوە (بە پێچەوانەی ئێمەوە کە بە یەکێک لە گەورەترین خیانەتە نەتەوەییەکانی ئەزانین، کە هیزێکی سیاسی کوردی لە میژوی هاوچەرخدا توماری کردبێت). بەڵام با لەم خاڵە بگەڕێین و بچینە سەر ناوەرۆکە سەیرەکەی نووسینەکەی کاک ڕێبوار.

کاک ڕێبوار پێیوایە ئەمەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابووردودا لە کوردستاندا رویدا هیچ نیە جگە لە موئامەرەیەکی گەورەی ئێران و یەکیتی و ئەمەریکا!! بۆ شکاندنی هەیبەتی پارتی و بەرزانی. (جا تۆ مەپرسە چی ئەم هیزە ناکۆکانەی کۆکردۆتەوە، چونکە وەلامەکەی لای برایانی پارتی حازر و ئامادەیە کە ئەمەیە:(دژایەتیکردنی سەرۆک بارزانی کە خەریکی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیە). واتە کە هیزەکانی پارتی تەقیەکەیان لەبەرامبەر هێرشی داعشدا بۆ ناکرێت، کە یەکسەر رائەکەن و دەیان هەزار ئیسنانی کوردیان بۆ کۆمەڵکوژی بەجێهێشت، کە لەیەک شەو و رۆژدا هەموو شوێنەکانیان دا بەدەستەوە، ھەموو ئەمانە خەتای بەرزانی و پارتی نیە، بەلکو خەتای یەکیتی و پەکەکە و ئەمەریکا و ئێران و بەغدایە کە سیحریان لە پارتی کردوە و وایانکردوە دەستەکانی

پارتی چەکی پێ هەڵنەگیرێت، یان بە لێزەر چەکەکانی پارتیان لەکار خستوە و ئیتر ئەوانیش شەڕیان پێ نەکراوە و ناچابوون ڕابکەن و خۆیان ڕزگاربکەن. بەبۆچونی ئەو بەڕێزە هەیبەتی پارتی و بەرزانی ئەبوو بشکیت، بۆئەوەی جارێکی دی نەویڕێت ”باسی ریفراندۆم و دەوڵەت" بکات، ئەوەش یەکیتی و پەکەکە و ئەمەریکا بوون فەرمانیان بۆ هیزەکانی پێشمەرگەی پارتی دەرکرد کە داعش هات کەس شەر نەکات و هەموویان رابکەن... یاخود لەم قسانەش سەیرتر ئەو بەڕێزە دەڵێت بۆئەوەی هەیبەتی بەرزانی بشکێت، یەکیتی و پارتی و ئێران و ئەمەریکا ئەبوو پارتی توشی ئەم شەرە بکەن، ھەموو ئەمەش بۆئەوەی هەیبەتی بەرزانی وا بشکینن نەویرێت جاریکی دی بیر لە سەربەخۆیی کوردستان بکاتەوە. ئەم شتانە بوو وایانکرد زۆر ئاسان بتوانن ئەو هێزە زەبەلاحەی کە سەرۆک ماوەیەکی زۆرە تۆکمە و ئامادەی کردوە بۆ رۆژی ھەق و حیساب، بەیەک سحیر بروخێنن و نەهێڵن یەک تەقە بکات و لەیەک شەو رۆژدا هەزران کورد بۆ چارەنوسی رەشی خۆیان بەجێ بێڵێت. ئەمە ئەو لۆژیکەیە کە ڕێبوار نووسینەکەی خۆی پێنووسیوە، لۆژیکێک لەھەرشوێنێکەوە سەیریبکەیت و ھەڵیبسەنگێنیت بێمانا و ناڕاست و پەککەوتەیە. 

خوێنەران دەزانن منیش ھەر لەسەرەتاوە لەگەل ئەوە نەبوم کورد شەڕی داعش بکات، بەس هەمومان ئەوەمان گوت کە شەر بۆ مالکی نەکەین، بەلام جێگەی خۆمان قایم بگرین و بەهەموو توانامانەوە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کە سوپای عێراق چوڵی کردوە، پارێزگاری لیبکەین و بگرە چیدی لەم ناوچانەنەچینە دەرێ...سەرۆکی ھەرێم هەر ئەوکاتە فەرموی شتیک نەماوە ناوی مادەی ١٤٠ بێت، چونکە ئەو ناوچانە کەوتونەتەوە دەستمان و هەر سەرۆ فەرموی مەگەر بەسەر لاشەماندا برۆن ئەو ناوچانە چۆڵ بکەین..بەس بەداخەوە ناوچەکان چۆڵکران و داعشیش تەنها لاشەی خەلکە مەدەنیەکەی بینی بەسەریدا بروات نەک هیچ هیزێک، بەتایبەت ھێزی پارتی دیموکراتی کوردستان. دەی وا گریمان شیکردنەوەکەی کاکە ریبوار راستە و داعش بە موئامەرەی یەکیتی و پەکەکە و ئێران و ئەمەریکا و بەغدا روی لە پارتی کرد.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی داعش لاشەی کەسی نەدۆزیەوە بەسەریدا سەرکەوێت، ئەو دەیان هەزار کوردە بەدبەختە نەبێت کە لەناکاو خۆیان لەبەرامبەر درندەی داعشدا بی هیچ پشت و پەنایەک دۆزیەوە؟ ھێزەکانی پارتی بۆ شەڕیان نەکرد لانیکەم بۆ پاراستنی گیانی ئەو ھەموو خەڵکەی بەھەموو مانایەک بەرپرسیارن لە پاراستنیان. پرسیارەکە بونی موئامارە نیە؟ بەڵکو پرسیارەکە نەبونی ئەو هیزەیە کە ئەبوو ئامادە بیت بۆ بەرگری؟ ئەی کە سەرۆک وەک بەڕێزت ئەڵیت ئەو ماوەیە هەموو لە بەرەکانی شەر بوو و سەنگەرەکانی بەسەر ئەکردنەوە، بۆ نەیتوانی دوو رۆژ، برام یەک رۆژ، برام یەک سەعات، خۆی بگرێت و کەمەکێک لەبەردەمعی داعشدا بەرگریی بکات.

لانیکەم تا ئەو کاتەی ئەو خەلکە بەستەزمانەی لەوین مشوری خۆیان بخۆن و فرسەتێک بدۆزنەوە بۆئەوەی بڕۆن و گیانی خۆیان ڕزگاربکەن، نەک بەوشێوە شەرمەزارییەی کە بینیمان بکەونە بەردەست داعش؟ دەی برام هەیبەتیک گەر هەبیت و گەر بشکیت، ئەوە لە دەرەوە ناشکێت، بەڵکو لەناوەوە ئەشکێت... لە پاڵ سەنگەرە چۆڵەکان و لەسەر لاشەی خەڵکە بێدیفاعە کوژراوەکە دەشکێت. سەرۆک کە وەک بەڕیزت ئەلێیت (وەمن قەت بروام بەمە نەکردوە) ئەیویست دەولەت دروستبکات، بەم هیزە ڕاکردوەوە ئەیویست دروستی بکات، یان وایزانی وەک ٣١ ئاب هەمیشە دەولەتیک ئەبیت شەری بۆ بکات و رزگاری بکات؟ تۆ بڵیت سەرۆک لە ئەزمونی ٣١ ئابەوە بەتەمای ئەوە بوو بیت، شەری دروستکردنی دەولەتی کوردی، دولەتێکی تر بۆمان بکات؟ یان بەراست سەرۆک رادەی بیکەڵکی و بێتوانایی ئەو هیزەی نەزانیوە کە دروستی کردووە؟ من خۆم پێموایە وەلامی دوهەم راست بێت، واتە نەیزانیوە چ ھێزێکی سەربازیی بێکەڵک و مشەخۆری دروستکردوە کە بێبەرین لە کەمترین مۆراڵی سوپایەکی نیشتیمانیی. جارێکی تر دەپرسمەوە ئایا سەرۆک رادەی بیکەڵکی ئەو هیزە زەبەلاحەی خۆی نەزانیوە؟ بەس خۆی ئەم نەزانینەش عەیبەیەکی گەورەیە، بەراست مەعقولە سەرۆکیکی سیاسی هەبیت هیز و توانای خۆی نەزانێت. بەم نەزانیش کاری وابکات کە رەنگە گەلەکەی توشی کوشتاری گەورە و لەناوچون بکات؟ 
ھەرچۆنێک بیر لەو نووسینەی کاک ڕێبوار دەکەینەوە ھێشتا ناونیشانی وتارەکە زۆر سەیرە، ئەو بەڕێزە دەنووسێت ”٣١ ئابێکی تر بەڕێوەیە"؟ ئەم ٣١ ئابە چیە؟ لە پێناوی چیە؟ دژی کییە؟ دەی ٣١ ئابی پێشو وتمان دەرئەنجامی شەری ناوخۆ بوو. کە پارتی نەیتوانی بە هیزی خۆی شەربکات، لەگەڵ بەعسدا رێکەوت و هەولیری لە یەکیتی سەندەوە؟ ئەی ئەم ٣١ ئابە لەگەل کییە و دژی کێیە؟ چی ئەگرن و کی دەرئەکەن؟ چی رویداوە لە ولات کە ئێمە نایزانین؟ کی دێت و دژی کی دێت؟ تورکیا دێت؟ ئەمجارەین تورکیا ئەو ڕۆڵە بۆ پارتی دەبینێت کە بەعس لە ٣١ ئابی یەکەمدا بۆ پارتی بینی؟ دەی تورکیا بۆ کێ ئەهێنن و ئەیکەن بەگژی کێدا؟ تورکیا کە رازی نەبوو یەک گولە بۆ پیشمەرگە لەم شەردا بنێرێت، ئێستا دیت چیدەکات و لەبەرچی دێت؟ دیسان لە پەکەکە و پەیەدە و پەیەگە و نازانم کی ئەدەن؟ بۆچی؟ و لە پیناوی چی؟ باشە ئایا هەیبەتی شکاوی سەرۆک بە ٣١ ئابێکی تر دێتەوە؟ بەراست ھاتنەوەی هەیبەت دەبێت بەناو ٣١ ئابێکی تردا تێپەڕێت؟ یان بەناو ئەوەدا بەراستی سەرۆک گوێ بۆ ئەو دەنگە عاقلانە بگرێت کە دەمێکە داوای چاکسازی لەم سیستەمی حوکمرانیە حیزبسازییە فاشیلەدا ئەکەن کە ئەزمون نیە خراپی و بێکەڵکیەکەی نەسلماندبێت؟ راستان بوێت لە هەرەشەکەی ناو ئەم وتارەی کاکە رێبوار تێنەگەیشتم؟ ناشزانم ئەم هەڕەشەیە لەم کاتەدا چیە و بۆچیە؟ گەر ئەو ھەڕەشەیە بشکرێت بە کردەوە ئایا دژی کێیە و لە پیناوی چیدایە؟ بەراست ٣١ ئابێکی تر بەڕێوەیە؟ بۆچی
Picsart-24-02-23-21-31-09-085