

دوێنێ سڕی سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)و لەیلا زانا پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئامەد سەردانی دورگەی ئیمرالیان كردو بۆ ماوەی سێ سەعات و 30 خولەك لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكی دەستگیركراوی پەكەكە كۆبوونەوەو دوای گەڕانەوەشیان پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردهوه.
ئۆجەلان لەسەرەتای پەیامەكەیدا بۆ سەرۆك مام جەلال و مەسعود بارزانی، لەبارەی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانیەوە وتویەتی: بیستم بارودۆخی تەندروستی بەڕێزتان بەرەو باشی دەچێت، بۆیە زۆر خۆشحاڵ بووم.
ئەوەشی نوسیوە: لەسەر ئەو گۆڕاناكارییانەی ئەم دوایەو پێویستیە بەپەلە بۆ بەستنی گۆنگرەی نەتەوەیی و یەكێتی نەتەوەیی، پێویستە ئەم بابەتە لەكاتێكی زوودا جێبەجێبكرێت.
ئۆجەلان لەبەشێكی تری ئەو پەیامەیدا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لەتوركیا رایگەیاندوە: ئەو ئیرادەیەی كە بە پرۆسەی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ نیشانماندا لەگەڵ هەموو سستیەكەی و مەیلی خۆسەپاندنی یەكلایەنە بەبەهێزی بەردەوامە، دەبێ لەیادیش نەكرێ كە لەكۆتایی ئەم پرۆسەیەدا ئەوەی دەستكەوتی دەبێ ئەوە هەموو خەڵكە.