
ڕۆمانی (دواھەمین ھەناری دونیا)ی بەختیار عەلی، کرایە فارسی و لە خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەناوبانگی شاری تاران، بڵاودەکرێتەوە.
مەریوان ھەڵەبجەیی وەرگێڕی ڕۆمانی (دواھەمین ھەناری دونیا) بۆ سەر زمانی فارسی سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم شاکارەی بەختیار عەلی و لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ووتویهتی 'ئەمە سێھەمین ڕۆمانی بەختیار عەلی-یە کە وەریدەگێڕمە سەر زمانی فارسی و پێشتر ھەریەک لە ڕۆمانی 'ئێوارەی پەروانە' و 'شاری مۆسیقارە سپییەکان'ی ئەو نووسەرەم وەرگێڕایە سەر زمانی فارسی'.
لەبارەی ئەو ناوەندەی کە ڕۆمانەکەی چاپ کردووە، مەریوان ھەڵەبجەیی گوتی:' ڕۆمانەکە ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی سالس چاپی کردووە کە ناوەندێکی زۆر بەناوبانگە لە شاری تاران و بەرھەمی نۆبلیستەکانی جیھان چاپ دەکات'. گوتیشی:' ڕۆمانەکە 1100 نوسخەی لێ چاپکراوە'. مەریوان ھەڵەبجەیی وەرگێڕی ڕۆمانەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ڕۆمانەکەی لە ساڵی 2007-ەوە وەرگێڕانی تەواو بووە و ئامادە بووە بۆ چاپکردن گوتیشی:'بەھۆی ئەوەی نەمدەویست بچێتە ژێر سانسۆرەوە چاپکردنی دواکەوت و خۆشبەختانە دواجار بەبێ سانسۆر چاپ کرا'.