محەمەد حەكیم: ئەمرۆش نا ، سبەی هەر ئەبێ گەندەڵکارانی کوردستانیش بە سزای خۆیان بگەن
محەمەد حەكیم وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری كوردستان:
وانەیەک بۆ دەنگدەران
وێنەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییەی عێراق، پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاسان ئاڕاستەی تەواوی گەل و دەنگدەران دەکات؛ پێمان دەڵێت کە ئەم خەڵکە چەندە کڵۆڵ و سادەبوون !
زۆرێک لەم دەستگیرکراوانە پەرلەمانتار بوون؛ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە خۆیان وەک داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک نمایش دەکرد، قسەی باقوبریق و دروشمی بریقەداریان دەبەخشیەوە، باسی گەندەڵی دەسەڵاتدارانیان دەکرد و خۆیان وەک فریشتە نیشان دەدا، هەندێک وەک داکۆکیکاری سوننەو هەندێک شیعە دەردەکەوتن ، کەچی لە ڕاستیدا تەنیا خەریکی چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی ئەم میللەتە بوون ، بۆ ئەوەی خۆیان گەورە بن .
بۆیە خەڵکی عێراق ، بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، ئەبێ ئەو ڕاستیە بزانێ گەر دەسەڵات خوێنیان ئەمژێت، ئەوا زۆرێکیش لەدەرەوری دەسەلات یاری بە عەقڵیان دەکات .
سێ ڕاستی تر لەم هەڵمەتی گرتنە :
* ئەمرۆش نا ، سبەی هەر ئەبێ گەندەڵکارانی کوردستانیش بە سزای خۆیان بگەن .
* مەرج نییە ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەرئەکەن، خۆیان پاک و بێگەرد بن لە گەندەڵی.
* ئەمانە تەنیا ماسییە بچووکەکان دەگرن و بە دڵنیاییەوە دەست بۆ دزە گەورەکان و سەرکردە سەرەکییەکانی پشت پەردە نابەن
