دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی گیراوانی لالەزار رایگەیاند، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و گوشارێک، پێویستە ههموو کەیسێک بە رێڕەوی یاسایی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوەبچێت".
دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ماوەیەکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەربارەی ڕووداوەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لە لالهزارى شاری سلێمانی ڕوویان دا، هەندێک بابەت سەبارەت بە هەڵوێستی جهنابى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو تۆمهتبار و گیراوانەی لە دەرەنجامی ڕووداوەکان دەستگیر کراون، ورووژێندراون.
لێرەوە دەمانەوێت بۆ هەموو لايهك ڕوونی بکەینەوە، دوای ئەوەی ئەم بابەتە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسکرا، ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری پرسوڕا و بەدواداچوونی پێویستمان کرد. دیاره که بهپێی یاسا بڕیاردان لە داوای گواستنەوەی کەیسێک لە دادگایەکەوە بۆ دادگایەکی تر، پرسێکی تەواو دادوهرييه و لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادگا پەیوەندیدارەکان یەکلای دەکەنەوە.
ئەوەی پەیوەستە بە هەڵوێستی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانهوه، دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و فشارێک، پێویستە ههموو کەیسێك بە ڕێڕەوی یاسایيی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوە بچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمهتباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت. هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە دهبێ لە كاتى ياساييى خۆيدا و بەپێی ڕێکارە یاسایییەکان، دادگاکان بڕیاری خۆیان لەبارەی ئەم پرسەوە یەکلایی بکەنەوە.
