نوێترین

recent

04/05/2026

شـــــــــــەرواڵ"

 










شەرواڵ


‎بۆ پیاوان شەرواڵ بەكاردێنین، بۆ ژنان (هاوەڵكراس، ئاوەڵكراس، ئەوەڵكراس)، لە شەرمنیی زمانی كوردیەوە، ژێرەی جلی ژنانە بەناوی ئاشكرا ناوترێت و نانوسرێت، بەڵكو ئاوەڵناو و سیفەت و جێگرەوەی بۆ دانراوە.. 

شەرواڵ تایبەتمەندیەكی باشی هەیە بۆ ناوچەی شاخاوی و جوڵەی زۆر و كارئاسانی رێكردن و سەركەوتن و باخداری و جوتیاری و راووشكار، ئێجگار نموونەییە، لەبەری پیاواندا هەستێك و خۆبەشت زانیی تێدا دەبینرێت، لە ئەدەبیات و نووسیندا كەڵەگەتی و كەڵەقامەتی و گەورەیی، لە شۆڕشدا شانازیی، لە گەنجاندا مێژوو سەروەری باپیرانی هەیە.. ئەم پارچە قوماشە كرۆكێكی قوڵی بیركردنەوەی بە خۆیەوە هێناوە، وابزانم ئێمە لەهەموو میللەتەكان زیاتر باسمان لە شەرواڵ و جلی میللی خۆمان كردوە و وەك رەمز لێمان روانیوە.

گەنجێتی خۆمم لە هەڵەبجە تەواو كرد، لە پێنج ساڵیەوە تا هەژدە ساڵیم لەو شارەدا ژیاوم، جگە لە شەرواڵ و چۆغە و رانك هیچ بەرگێكی ترم نەپۆشی، پانتۆڵ لای ئەو نەوەیەی ئێمە بەرگێكی بەعس پۆشین بوو، لە خوێندنگەش دەیانویست بە زۆرەملێ جلی رەسمیمان بكەن بە پانتۆڵ و كراس و چاكەت، بەڵام لەبەرئەوەی چوبوە مێشكمان كە ئەمە بەرگی بەعسیانە ملمان بۆ ئەو بڕیارە نەدەدا، بۆیە چەند بەسەرهاتێكی سەیرتان لەسەر شەرواڵ و پانتۆڵ بۆ باس دەكەم.

تەمەنم تەنها 10 ساڵان بوو، بەیانییەك بەعسیەكان شەرواڵێكی خوێناویی پێشمەرگەیەكیان بە دیواری گازینۆ شنروێ دا هەڵواسیبوو، لە چالاكی شەوی رابردوودا گوللە بەر سكی كەوتبوو (بەنەخوێن- دووخوێن)ەكەی قرتاندبوو!!چەند گریام چەند توڕە بووم چەند ناخۆش بوو.. كە لە زانكۆی موسڵ وەرگیرام، چوار هاورێی ئامادەیی بڕیارمان دا بۆ تەواوكردنی كارەكانمان پێكەوە سەردانی موسڵ بكەین، هەندێكمان لە زەرفێكی عەلاگەدا پانتۆڵمان هێنا و كە لە هەڵەبجە دەرچووین هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا پانتۆڵمان گۆڕی و شەرواڵەكانمان لابرد، چونكە بەراستی شەرممان دەكرد پانتۆڵ لەپێ بكەین، شەویش كە هاتینەوە بەهەمان شێوە هەر لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا پانتۆڵمان كردەوە بە شەرواڵ.. واتە بە شەرواڵەوە لە هەڵەبجە دەرچووین و بە شەرواڵەوە هاتینەوە ناو هەڵەبجە.

نازانم ئێستا ئەم رووداوە چۆن هەڵبسەنگێنم، هەرچەند بیر دەكەمەوە كۆمەڵێك شیكاری دەروونی و كۆمەڵایەتی و شەرم و یاخی بوون و ترس لە دابونەریت لەخۆ دەگرێت، بۆیە ئێوە قسەی لەسەر بكەن باشترە تا منی شەرواڵ لەپێ.

 روداوێكی تری زۆر ناخۆشیش لە مێشكۆلەمدا ماوەتەوە، ئەویش لەساڵی 1988 لە گەرمەی ئەنفال و كوردقڕاندا بوو، لە موسڵەوە دەگەڕامەوە بۆ سلێمانی چونكە ئەوكاتە هەڵەبجەمان وێران بوو، گەشتینە چەمچەماڵ، بارودۆخ زۆر ئاڵۆز بوو، پێش ئێمە تەقوتۆق ببوو، شار نیمچە چۆڵ بوو، پرسیارمان كرد، وتیان: ئیڤا و زیلە سەربازیەكان، ئەنفال كراوەكانیان بەناو چەمچەماڵدا هێناوە و چەند ئاوەڵكراسێكی ژنانەیان هەڵواسیوە بە ئیڤاكاندا، وەك ئەتك و شەرم تكاندنی كورد، بۆیە جاشەكانی چەمچەماڵ ئەمەیان پێ قبوڵ نەكراوە و تەقەیان بە ئاسماندا كردوە تا هێزە سەربازیەكە ئەوەڵكراسەكان لە ئیڤاكان بكەنەوە..

كەواتە داواكاریی جاشەكان لەسەر ئەوە نەبوو كە كەسوكاریان ئەنفال نەكرێن، بەڵكو تەنها بۆ ئەوەبوو شەرواڵ یان پانتۆڵ یان ئەوەڵكراسە ژنانەكان لە زیل و ئیڤاكان بكەنەوە و ئیتر خاوەن شەرواڵەكان ببەنە نوگرەسەلمان بۆ زیندە بەچاڵكردن ئاسایی بێت. ئەم روداوەش جەدەلێكی ئەسبەرتی زۆر قووڵ هەڵدەگرێت.

راستە جار جار لە خۆێڕیەكانیش هەندێك رەفتار دەوەشێتەوە كە دوولایەنەیە، نازانین دەستخۆشییان لێبكەین و پێبكەنین، یان بۆیان بگرین!!؟؟

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.


‎كاروان ئەنوەر


(سێگۆشەی خڕ)ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بڵاودەبێتەوە..

Picsart-24-02-23-21-31-09-085