دەستەی مافی مرۆڤ: لێڵکردنی وێنەی(مەلا مستەفا) ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی ڕۆژنامەگەری
بەیاننامەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت داخستنی کەناڵی NRT لەبەرامبەر شێواندنی وێنەی سیمبوڵی نەتەوەیی کورد.
وەک خۆتانیش دەزانن ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، هەمیشە وەک بنەمایەکی نەگۆڕ پاڵپشتی لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری دەکەین لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە پێویستی دەزانین ڕایبگەیەنین کە ئەم ئازادییە نابێت بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان و ڕەمز و سیمبوڵە نەتەوەییەکان بکرێت. ئەو ڕەفتارەی کەناڵی ئاسمانیی (NRT) لەکاتی گواستنەوەی دانیشتنێکی فەرمی، کە تێیدا هەستاون بە لێڵکردن (مغەوشکردن) ی وێنەی ڕەمزی نەتەوەیی کورد (مەلا مستەفا بارزانی)، پێمان وایە ناچێتە چوارچێوەی کاری ئازادی ڕۆژنامەگەری
بەلاڕێدابردنی تەکنیکی لە کاری میدیاییدا، تەکنیکی لێڵکردن تەنها بۆ شاردنەوەی دیمەنە نەشیاوەکان، تیرۆریستییەکان، یان ئەو دیمەنانەی پێچەوانەی دابونەریت و پاراستنی ناسنامەی قوربانیانن بەکاردێت. بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ وێنەی سیمبوڵێکی نەتەوەیی، سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە و بریندارکردنی هەستی نەتەوەییە. ئێمە وەک دەستەی مافی مرۆڤ، چەندین جار لە ڕابردوودا بەیاننامە و هەڵوێستی ڕوونمان هەبووە وەک پاڵپشتی بۆ کەناڵی (NRT) لەو شوێنانەی کە لەسەر حەق بوون و ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، کەناڵەکەش خۆی شایەتی ئەم ڕاستییەیە. بەڵام نەدەبوو ئەم کەناڵە بکەوێتە ناو ئەم هەڵە گەورەیەوە کە زیان بە یەکڕیزی و شکۆی نەتەوەیی دەگەیەنێت.
لێرەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەین، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە بکەن کە دەبنە هۆی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. ئازادیی میدیا بە مانای شێواندنی مێژوو و بێڕێزی کردن بە ناسنامەی نەتەوەیەک نییە.
بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆکی دەستە، دیارە داخستنی کەناڵەکە لەسەر بنەمای نووسراوی داواکاری گشتی و بە پاڵپشتیی بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ١٩٩٧ی پەرلەمانی کوردستان بووە، کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی (NRT) لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دراوە. ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە و بەدواداچوونەکانمان چڕتر دەکەینەوە، تاوەکو ڕاستییەکان وەک خۆی بۆ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان بخەینە ڕوو.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٢/٥
