نوێترین

recent

05/02/2026

جولی براون؛ ئەو رۆژنامەنوسەی بێ باکانە پەردەی لەسەر تاوانەکانی جێفری ئیپستین هەڵماڵی.


 








جولی براون؛ ئەو رۆژنامەنوسەی بێ باکانە پەردەی لەسەر تاوانەکانی جێفری ئیپستین هەڵماڵی


پاش نزیکەی ١٥ ساڵ پەردەپۆشکردنی دۆسیەی جێفری ئیپستین لەلایەن سیستەمی دادوەری ئەمەریکاوە، ئەو بێدەنگییە لە ساڵی ٢٠١٨ بە دەستی رۆژنامەنوسێک شکانرا. جولی براون،، بە توانا و بەردەوامییەکەی توانی پەردە لەسەر تاوانەکانی “دوورگەی شەیتان” هەڵماڵێت و راستییەکان بە گوێی جیهاندا بگەیەنێت.

جولی براون، کە تەمەنێکی ٦٥ ساڵی هەبوو، ساڵێکی تەواوی خۆی تەرخان کرد بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە نزیکەی ١٠ هەزار بەڵگەنامە، لەوانە فایلی پۆلیس و دۆسیەکانی دادگا، بۆ ئەوەی تاوانەکانی جێفری ئیپستین بە بەڵگەی بەھێز پشتڕاست بکاتەوە.

لە ماوەی ئەم لێکۆڵینەوە قووڵەدا، براون چاوپێکەوتنی لەگەڵ نزیکەی ٦٠ قوربانی ئەو دۆسیەیە ئەنجامدا، و هەروەها ڕێگەی دا بە هەشت قوربانی بۆ ئەوەی بە ئاشکرا ئەزموونە دڵتەزێنەکانیان باس بکەن؛ ئەمەش بووە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ سەلماندنی تاوانەکان.

بەدواداچوونە وردەکانی جولی براون سەلماند کە جێفری ئیپستین چۆن بەهۆی سامان، دەسەڵات و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە فراوانەکانیەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ خۆی لە سزا دەرباز کردووە. هەروەها ئەم لێکۆڵینەوەیە لاوازی سیستەمی دادوەری ئەمەریکای لەبەرامبەر دۆسیەیەکی وا گەورەدا ڕوون کردەوە و رای گشتی بە “لادان لە دادپەروەری” ئاگادار کرد.

هەوڵ و بەردەوامییەکانی براون بوونە هۆی دەستگیرکردنی جێفری ئیپستین لە ساڵی ٢٠١٩، لە کاتێکدا کە سەرباری تاوانە گەورەکانی، بە ئازادی دەژیرا. لە هەمان کاتدا، داوای پاراستنی مافەکانی منداڵان و قوربانییەکانیشی لە چوارچێوەی سیستەمی دادوەری ئەمەریکادا بەرز کردەوە.

ئەم بەدواداچوونە رۆژنامەوانییە، جگە لە هەڵماڵینی پەردە لەسەر یەکێک لە مشتومڕاویترین دۆسیەکانی سەدە، پرسیارێکی گەورەی لەسەر مۆراڵی سیاسی، دەسەڵات و ڕۆڵی گەورە سەرمایەدارانی جیهانیش دروست کرد.

ئەوە لەکاتێکدا بوو کە پێشتر، لە ساڵی ٢٠٠٣، رۆژنامەنوسی دیاری ئەمەریکی ڤیکی وارد هەوڵی لێکۆڵینەوەی ئەم دۆسیەیەی دا، بەڵام لەژێر هەڕەشەی کوشتن و فشار، راپۆرتەکەی بە شێوەیەکی لاواز بڵاو کرایەوە.

جولی براون، سەرباری هەموو هەڕەشە و فشارەکان، پاشەکشەی نەکرد و بە هەوڵی خۆی کۆتایی بەو بێدەنگییە هێنا کە میدیا و دەسەڵاتی دادوەری هەڵیانبژاردبوو، و پەردەی لەسەر یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەردەمی نوێدا هەڵماڵی

Picsart-24-02-23-21-31-09-085