دیموکراسی ژێر بەتانی
نوسەری
ناسراوی میسری دکتۆر ئەحمەد خالید تۆفیق ( 1962 – 2018) ، چیرۆکێکی پێکەنیناوی دەربارەی دەنگدان و هەڵبژاردن لە ناو خێزانەکەیدا
دەگێڕێتەوە کاتێک دەڵێت : “ لەساڵی 1988 وە من دەستم لە دیموکراسی شوشتوە ، ئەوڕۆژەبوو هەموومان بەدەوری
مێزی نان خواردنەکەوە دانیشتبوین ، من و هەر شەش خوشکەکەم و دایک و باوکم ، باوکم
لێی پرسین ، بەیانی پشووە ، پێتان خۆشە بچین بۆ کوێ ؟ بۆ ماڵی مامتان یان بۆ ماڵی خاڵتان
؟ هەموومان بە یەکەوە وتمان بۆ ماڵی مامم ، تەنها دایکم نەبێت زۆر بە دڵنیاییەوە
وتی دەچین بۆ ماڵی خاڵتان ، بەڵام بەوپێیەی زۆرینە لەگەڵ ئەوەبون بچینە ماڵی مامم مەسەلەکە
یەکلابۆوەو گفتوگۆ لەو بارەوە کۆتای پێهات ، بەیانیەکەی دایکم هات و بە پێکەنینەوە
وتی : هەستن خۆتان بگۆڕن دەچین بۆ ماڵی خاڵتان . سەیرم کرد باوکم لەولاوە بە
بێدەنگی خۆی بە ڕۆژنامەکەوە خەریک کردبوو ، وەک ئەوەی ئەم بابەتە هەر پەیوەندی بە
ئەوەوە نیە . لەو ڕۆژەوە تێگەیشتم دیموکراسی و پاکو خاوێنی دەنگدان جگە لە درۆ هیچ
شتێکیتر نیە ، وە بابەتەکان لە ژورە تاریکەکان یەکلای دەکرێنەوە ، لە شیرین خەوی کۆمەڵگەی
نوستودا “ .
ئەم
چیرۆکە ئەگەرچی لە ڕوکەشدا زۆر سادە و پێکەنیناوی خۆی دەنوێنێ ، بەڵام دەست دەخاتە
سەر ئاڵۆزترین ئاریشەکانی بیرکردنەوەی سیاسی لەم سەردەمەدا ، ئایە بەڕاست
دیموکراسی دەسەڵاتی گەل و زۆرینەیە ؟ یان تەنها پرۆسەیەکی ڕوکەشی ئاهەنگ ئامێزی
کۆمیدیە ، بۆ ڕەوایەتی دان بە بڕیاری پێش وەختەی دەستەبژێرێکی سیاسی ؟
جوزیف شومبیتر پێیوایە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە
پێویستە سەرەتا چەمکی دیموکراسی پێناسە بکەینەوە ، بۆیە دەڵێت : “ دیموکراسی تەنها
پرۆسەیەکە ، دەستەبژێرە سیاسیەکان تیایدا کێبڕکێ لەسەر دەنگی دەنگدەران دەکەن و
هیچیتر “ بەواتایەکی تر لە سیستەمی دیموکراسی لەم جۆرەدا ، گەرەنتی دەسەڵات لای گەل
نیە ، بەڵکو کۆمەڵگە تەنها بانگهێشت کراوە ، بەشدابێت لە نمایشی شانۆی هەڵبژاردنی
ئەو دەستەبژێرەی ، لە داهاتودا سەرکردایەتی دەکات . وەک چۆن لەم چیرۆکەدا ( دایک )
وەک مێتافۆڕ بۆ نوێنەرایەتی دەستەبژێری سیاسی ، پێشوەختە ئەنجامەکەی بەپێی ویستی
خۆی یەکلاکردۆتەوە ، بەم پێیە بەشداری و دەنگدانەکە تەنها وەک ئێکسسوارێک پرۆسەکەی
ڕازاندۆتەوە ، لێرەوە ئیتر ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان وەک دەزگایەکی زەبەلاح دەستپێدەکات ،
بۆ ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی هۆشیاری بەکۆمەڵ ، بەپێی داخوازی سیاسیەکان ، لە
پێناو قبوڵکردنی دەرئەنجامەکان وەکو ڕاستی و حەقیقەت ، لەکاتێکدا ماشێنی ڕاگەیاندنەکان
جگە لە سڕ کردن و لە کارخستنی ئاگامەندی بە کۆمەڵ ، ڕۆڵی چەواشەکارانە دەبینن ،
وەهم بە حەقیقەت بە چەندان شێوازی نا ئەخلاقی دەرخواردی هاونیشتمانیان دەدەن ، چۆمسکی
لە پێناو دەرخستنی ئەم ڕۆڵە ژەهراویەی ڕاگەیاندنەکان دەڵێت : “ ڕاگەیاندن حەقیقەت
ناگوازێتەوە وەک ئەوەی هەیە ، بەڵکو ئامرازێکە لە پێناو دروستکردنی هۆشیاریەکی
ئاراستەکراوی بە کۆمەڵ ، بۆ خزمەتی بەرژەوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکان “ . وەک چۆن
دایکەکە بەیانی بە پێکەنینەوە بڕیاری ژێر بەتانی بۆ منداڵەکان دەخوێنێتەوە ،
ئەوانیش بە بێدەنگیەوە قبوڵی دەکەن ، زۆر جاریش بڕیارە سیاسیەکان ئەگەرچی ناڕەواو
توند و دژی بەرژەوەندی گشتین ، بەڵام ڕاگەیاندنەکان ئەوەندە تیف تیفەیان دەکەن ، تا
بەقازانجی دەستەبژێرە سیاسیەکان تێی دەپەڕێنن .
ئەگەر
لە ڕووی تیۆریەوە هەڵبژاردن ئامڕازێک بێت ، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان ، بەمەبەستی
بەشداری هەموان لە پراکتیزەکردنی مافێکی دەستوری و پێشاندانی ئیرادەی زۆرینە و
دەستاو دەستکردنی دەسەڵات ، وەک کۆڵەگەیەکی پتەوی دیموکراسی ، ئەوە لە ڕووی
پراکتیکیەوە هەڵبژاردن ، لە ڤیستڤاڵێکی وەرزی دەچێت ، تیایدا سەکۆی کەمپینەکان بە
دروشمی قەبەو، زۆر جار نا واقعی دەڕازێندرێنەوە ، هەموو سێکتەرەکان دەدرێنە بەر
دەستڕێژی بەڵێنی ڕەنگاو ڕەنگ ، خەونەکان هێندە نزیک دەکرێنەوە لە ڕاستی ، مرۆڤ حەزدەکات
زوو خەبەری نەبێتەوە ، بەڵام لە کۆتایدا هەر ئەودەستەبژيرانە ، دووبارەو هەزاربارە
، جارێکیتر لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات قوت دەبنەوە . ژان ژاک ڕۆسۆ ڕاستی پێکاوە
کاتێک دەڵێت : “ مرۆڤ ئازادانە لە دایک دەبێت ، بەڵام لە هەموو شوێنێک دەست و قاچی
زنجیرکراوە “ . واتا منداڵان هەر لە ساتەوەختی لەدایکبونیانەوە لە سیستەمی
دیموکراسیدا ، مافی دەنگدانیان مسۆگەرکراوە و کارتی دەنگدانیان بەگەردندا
هەڵواسراوە ، بەڵام ڕۆژی دەنگدان ئەوە بڕیاری دایکەکانە ، ئەنجامی دەنگی نێو صندوقەکان
یەکلایی دەکاتەوە .
لەکۆتایدا
لە سەرهەمو ئاستە جیاجیاکان ، بەتایبەت لە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا، ئەم چیرۆکە
بەردەوام دوبارە دەبێتەوە ، مارک توین دەڵێت: “ ئەگەر دەنگدان لە هەڵبژاردندا
کاریگەری هەبوایە ، بە دڵنیایی ڕێگەیان نەدەدا بەشداری بکەین تیایدا “. چونکە زۆرینە
ئەگەرچی دەنگیشی ببیسیرێت ، بەڵام مەرج نیەهەمیشە گوێی لێبگیرێ یان دەنگەکەی ئەژمار
بکرێ ، بڕیارەکان لە پشتی پەردەو ژێر بەتانیەوە گەڵاڵە دەکرێن ، لە نێو چێشتخانەی
دایکەکان ، لە سەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێنرێت ، یان لە ژورە تاریکەکان و باخچەی
پشتەوە ، سیاسیە دەسەڵاتدارەکان کەین و بەینی پێوەدەکەن و نەخشەی دیزاینەکەی دادەڕێژن . کەواتە مەرج نیە
دیموکراسی لە پراکتیکدا ، بەردەوام کەرەستەی ئازادی بێت وەکو بانگەشەی بۆ دەکرێ، زۆر
جار درۆیەکی جوانکراوی ڕازاوەی شاخداری بە کۆمەڵە و هیچیتر، وەک چۆن لە دوای
ڕاپەڕینەوە ، لە هەرێمەکەی ئێمە بەردەوام لە فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆی دوبارە دەکاتەوە
، بەڵام ئەنجامەکەی جێگیرو نەگۆڕە .
