
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی کە دراوەتە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی، پرسی گەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی گەیشتووەتە حاڵەتی پڕ مەترسیی، ڕادیۆکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو زانیارییانەی بەر لە جەنگی ئەم جارە، دەربارەی توانای ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەستی کەوتووە، زانیاریی زێڕینن.
لەبارەی دوا هەنگاوەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕادیۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند: بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی پێویست بە دوو پێکهاتەی سەرەکی دەکات، ئەوانیش یۆرانیۆمی پیتێندراوە کە ئێران زۆر بە خێرایی هەوڵی بۆ دەدات و ئێستا گەیشتووە بە قۆناغێک کە دەتوانێت 15 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێکی دیکە پیتاندنەکە کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەو کەرەساتەنی کە ئێران دروستی کردوون و ئاشکرای نەکردوون، ئەو کەرەستانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
دوێنێ شەممە، 14-06-2025، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، سێ زانای دیکەی ئەتۆمی بە ناوەکانی (عەلی باکویی کەریمی، مەنسوور عەسکەری و سەعید بەرجی) کوژراون.
هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە بەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، نۆ زانای دیاری پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانیان کوشتووە کە "هاوکاری و بەشدارییان لە پلانی ڕژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکرد."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، کوژرانی ئەو نۆ زانایە "زیانێکی زۆری بە توانای ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی گەیاندووە."
ئەو نۆ زانا ئەتۆمییە ئێرانییانەی کوژراون:
1- فرەیدوون عەباسی.
2-محەممەد مێهدی تارانچی.
3-ئەکبەر مۆتالەبزادە.
4-سەعید بۆرجی.
5- ئەمیر حەسەن فەخێی.
6- عەبدولحەمید مەنوچێهر.
7-مەنسور عەسکەری.
8- ئەحمەد ڕەزا زۆڵفەغەری داریانی.
9- عەلی باکۆیی کتارمی.