
بنکەی ئەتۆمی لە کوردستان هەیە؟
گومانی چی لە لافیسان و مەریوان دەکرێت؟
بۆردومان و هێرشی ئیسـ.ـرائیل بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران جارێکی تر پرسی ناوەندە ئەتۆمییە نهێنیەکانی ئێرانی هێناوەتەوە بەر باس.
لای ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ۱٥ ناوەند و ناوچە لە ئێراندا وەک ناوەندی ئەتۆمی ناسراون. کە بریتین لە چەند وێستگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم و دوو وێستگەی ئەتۆمی وزە و چەند ناوەندێکی لێکۆڵینەوەو ناوەندی ئاوی قورس و کانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم.
لەگەڵ ئەوانەدا میدیای ڕۆژئاوا بە پشت بەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان نزیکەی ۱۰ شوێنی تر بە ناوەندی نهێنی ئەتۆمی ئێران ناو دەبەن. کە دووان لەو شوێنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
مەریوان و لافیسان لە خۆرهەڵاتی کوردستان دووان لەو شوێنانەن بەناوەندی نهێنی ئەتۆمی ئێران ناودەبرێن. هەرچەندە تا ئێستا ئاژانسی وزەی ئەتۆم و دەزگای ئەتۆمی ئێران ئەو شوێنانەیان وەک ناوەند و شوێنی چالاکی ئەتۆمی دەست نیشان نەکردووە.
میدیاو دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆرئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی قەرارگای خاتەم ئەنبیا کە باڵی ئابوری سوپای پاسدارانە لەژێر ناوی پڕۆژەی پەترۆ کیمیاوی چەندین کارگە و ناوەندی دروست کردووە بە کارگەی پچوکی پلاستیک و بابەتی پترۆ کیمیاوی دەناسرێن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کارگانە ناوەندی ئەتۆمین و لێکۆڵینەوەی ئەتۆمیان تێدا دەکرێت. هەندێکیان سەربازگەن و تونێل و ژێرزەمینی گەورەیان تێدایە و ناوەندی گرنگی سەنتەر فیوچی پیتاندن و بەرهەم هێنانی یۆرانیۆمن.
میدیای ڕۆژئاوا چەند ساڵێکە ناوی دوو شوێن دەهێنن لە نێوانی شارەکانی مەریوان و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە بنکەی نهێنی مەریوان و لافیسان ناویان دەبەن و ئێران تۆمەتبار دەکەن کە چالاکی نهێنی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی تێدا ئەنجام دەدات.
لە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ ئێران چەند سەربازگەو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەچڕی بۆردومان کران و دەزگاکانی ڕۆژئاوا هەڵبژاردنی ئەو شوێنانە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بەهۆی دوورە دەستی لە ناوەندی ئێران و هاوسنوری لەگەڵ عێراق و
بوونی ناوچەی سەختی شاخاوی گومانیان ناچێتەسەر و پارێزراوترن لە ناوەندە ئاشکراکانی ناوەڕاستی ئێران
سەرچاوە بوار .