
سەبارەت بە دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا:
هێزی هەموو کیان و قەوارەیەک لەناوخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ نەک دەرەوە! جاران سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لێدەکردن کەچی نەیانتوانی وەبەرهێنانی سیاسی تێدا بکەن، حسابیان بۆ ڕای کەس بە ئەمریکاشەوە نەدەکرد، ریفراندۆمیان کرد و نامەی وەزارەتی دەرەوەی هەمان ئەمریکایان نادیدەگرت و دوای ریفراندۆمیش بۆڕی نەوتی هەرێمیان بە کۆمپانیای ڕوسی فرۆشت! گوایە لە ئەمریکا توڕەن و سزای دەدەن!
ئێستا بایان داوەتەوە هاتوون دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریکامان لێ بکەنە دەسکەوتێکی زۆر گەورە و بێ وێنە!
من هەرگیز ناڵێم دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرنگ و پڕ بایەخ نییە، بێگومان گرنگە، بەڵام بەراورد بە دیداری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کە سەروەختێک بۆ بەرپرسانی هەرێم ئاسایی بوو، پاشەکشەیە نەک دەسکەوت!
لەو دیدارانە گرنگتر ئەوەیە ئایا هەموو ئەو هەڵانەی ڕابردوو بونەتە دەرس، ئایا عینادی سیاسیی وەک خۆی و زیاترش نەبووە؟! ئایا هەمان سیاسەتی نەوت، بۆ غازیش بەرقەرار نییە؟!
فێربوون و دەرس وەرگرتن گرنگترە لە نمایش و پۆزی سیاسی، چونکە مەعلومە کە هیچ وڵاتێک بێ بەرژەوەندی بە روتدا پێ ناکەنێ، پرسیارە گەورە و گرنگەکە ئەوەیە؛ تۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، وەک هەرێمێکی دەستوری لە عێراقدا بۆ خۆت و خانەوادەکەت بەکاردەهێنێ یان بۆ خەڵک و خاکی کوردستان، تا ئەم لەحزەیە بە ئەمری واقع بۆ یەکەمیان بەکارهاتووە بووە نەک دووەم!
بۆ خەڵک ئەم سەردان و دیدارانە دەشێ گرنگ بن، بەڵام بێگومان گرنگتر لە هەموو ئەوانە مووچە و ژیانی شایستە و ئارامی و ئاوەدانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، کە تا ئێستا لەم هەرێمەدا نییە!
هەرێمێک بە گوێرەی قسەی بەرپرسەکانی بێت دۆستی هەموو دنیایە خەڵکەکەی خۆی نەبێت!
هۆشیار عەبدوڵا