
لە دەهۆڵی نەوتەوە، بۆ بووقی غاز..
(شکست بە شکت دەڵێت کەمێک بڕۆ بەولاوە ..)
بەم سێ پەرەگرافە، دوا سەرنجی خۆم لەسەر سەردان و غازەکەی مەسرور بارزانی دەنووسم:
لە کابینەی هەشتدا ئەوکاتەی دەیانگوت؛ بەغدا موفلیسە! ئاشتی هەورامی لە کۆبونەوەیەکی حکومەت لەگەڵ ئێمەدا (سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامە کوردەکانی لیژنە تایبەتمەندەکانی ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق) گووتی؛ ئەگەر نەوت بەسەربەخۆ بفرۆشین و نەیدەین بە سۆمۆ، ئێمە ئامادەین پارە بدەینە عێراق! قسەکانی مەسرور بارزانی بۆ غاز، ئاشتی و نەوتەکەم بیردەهێنێتەوە!

کەناڵی ڕوداو کە بە داهاتی نەوت دانرا، زوو زوو ئاشتی هەورامی دەهێنا تا فرۆشتنی نەوت بکاتە دەسکەوتی گەورە و مێژوویی، بۆیە ناو لە ڕوداو نرا، کەناڵە «نەوتاوییەکە»! ئەوەی ئێستا کەناڵی ئاڤا دەیکات بۆ غاز هەمان تاس و حەمامە، بۆیە شایستەی ئەوەن ناویان لێبنرێت کەناڵی «غازاتەکە»!

زۆرن ئەوانەی عەقڵیان لە چاویاندایە و بە دوو وێنەی پێشوازی و دەستگوشینێک (کە بەشێکی زۆری بە پارە کراوە و سوورم لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو ڕاستییە) هەموو شکستی دۆسێی نەوت و نەهامەتیەکانیان بیر دەچێتەوە، سوپاس بۆ خوا ئێمە لەوانە نین، وا بۆ مێژوو دەڵێین؛ «ئەمجۆرە مامەڵەیە لەگەڵ غاز لە نەوتەکە شکستخواردووتر دەبێت»، کات و مێژوو ئەو قسەیەی من و دەهۆڵ کوتینی ئەوانیتریش وەک خۆی دەهێڵێتەوە! وەک هەمیشەش دووعام ئەوەیە یاڕەبی من هەڵەبم و وەک ئیدیعای دەکەن غاز بکەنە «چرای خۆشگوزەرانی» هەمان دروشمی ناچیز کە بۆ نەوتەکە هەیانبوو و بە هۆیەوە خەڵکیان بێ مووچە و بژێوی هێشتەوە و خۆشیان پێیبوون بە مەڵتی ملیاردێری دۆلار!

هۆشیار عەبدوڵا