
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت «لە سەدا پەنجای پارەی چاپکراوی بانکی ناوەندی عێراق لە سلێمانییە.»
تێ ناگەم و حەز دەکەم یەکێک حاڵیم بکات؟!
یەعنی چۆن نیوەی کوتلەی نەقدی هەموو عێراق لە سلێمانییە؟!
یەعنی سیولەی نەقدی لە سلێمانی هێندە زۆرە؟!
میدیاکان کە وەک توتی ئەم قسانە نەقڵ دەکەن نابێ بپرسن ئاخر چۆن؟!
بە گوێرەی زانیارییەکان، گەورەترین کوتلەی نەقدی و پارەی چاپکراوی عێراق لە ناو بەغدا یە، دووەم لە بەصرەیە، سێهەمیش یان موصڵە یان هەولێر.
پاشان ؛ قەبارەی هەموو کوتلەی نەقدی عێراق نزیکەی ١٠٣ ترلیۆن دینارە ، بەو قسەیەی کاک هەڤاڵ بێت دەبێ لە سلێمانیدا ٥٠ ترلیۆن دیناری عێراقی هەبێت!! «بۆ خاتری خوا!!»
خۆ ئەگەر مەبەستی کوتلەی دەوار بێت ئەوەی لە بانکەکان و بازاڕدا دێت و دەچێت، قەبارەکەی نزیکەی ٦٠ ترلیۆنە کەواتە دەبێ ٣٠ ترلیۆنی لە سلێمانیدا بێت!! «دەردی مصرییەکان دەڵێن یاااا رجل!!»
کوتلەیەکی تریش هەیە کە لەماڵ و ژێر زەمینەکان هەڵگیراوە پێی دەگوترێت کوتلەی پەککەوتوو یان معطل بە نزیکی لەنێوان ١٩ بۆ ٢٠ ترلیۆنە ئەگەر مەبەستی ئەوەش بێت دەبێ لانیکەم ١٠ ترلیۆن دینار لە سلێمانیدا هەبێت وەک کوتلەی نەقدی، هەرچەند ئەو قسەکەی ڕوونە و دەڵێت لەسەدا پەنجای پارەی چاپکراوی عێراق واتا هەمووی!
ئێ باشە ئەمە چۆن؟! کەسێکی پسپۆر لەو هۆڵە نەبوو بڵێ چۆن؟! پسپۆڕیشی ناوێ لە شارێکدا بە فەردە و بە پێنجی دڕاو موچە بدرێ بە خەڵک چۆن قسەی وا دەکريت؟! کەس هەیە نەزانێ بەراورد بە زۆر شاریتری عێراق سلێمانی چ وێرانەیەکە بەتایبەتی بۆ سیولە و پارەی عێراقی؟!
ئاخر میدیاکان جارێک نەوەستان لەسەر ئەو هەموو ڕستە ئینشائییە عامە کە کەس نازانێ بە چ لۆژیکێک ڕیز دەکرێن؟! جارێک نەیانپرسی ئەرێ بەیارمەتیت برادەر تۆزێ روحم بە عەقڵمان بکە وەک بە گوێچکەمانی ناکەیت!!
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق