
بەڕێز مەلا بەختیار و موخابەراتی بەعس و نمایشی فەیسبوک!
بەڕێز مەلا بەختیار، لە چاوپێکەوتنی زووم-دا، چەند رووداوێکی مێژوویی روونکردەوە، بۆ هەر رووداوێکیش شایەتی زیندووی هێناوەتەوە. یەکێک لەو شایەتانە بەڕێز کاک رێبین هەردی بوو، کە بەڕێزیان روونکردنەوەیداو بەزیادەوە، قسەکانی بەڕێز مەلا بەختیاری سەلماند.
سەبارەت بەموخابەراتی عێراقیش دەقاودەق، ئەم قسانەی خوارەوە، راستی رووداوەکەیە:
وەفدێکی باڵای وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، کە کاک (یاسینە رەش)ی بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی، بۆ کاروباری ئێران-یان لەگەڵدابوو، بەڕێز (هاشمی) کە یەکێکە لە بەرپرسە گەورەکانی وەزارەتی ئیتڵاعات، بەڕێز مەلا بەختیاری بە وەفدەکە ناساند و وتی:
ئێوە مەلا بەختیار دەناسن؟! وتیان بەڵێ، زۆر ناویمان بیستووە! بەڕێزیشی وتی: با من، باشتر پێتان بناسێنم… لەدرێژەدا، ئاغای هاشمی وتی:
کە سەدام روخا، جێگری سەرۆکی موخابەراتمان بردە تاران! دوو مانگ گلماندایەوە و لەسەر هەموو کەیسەکان پرسیارمان لێکرد. سەبارەت بەکورد لێمانپرسی، حکومەت زۆرتر لەکام بەرپرس ترساوە؟
وتی: مەلا بەختیار..! وتمان بۆ؟ ئەی مام جەلال و نەوشیروان؟
ئەویش وتی: بەڵێ ئەوانمان دەناسی، دەمانزانی چین و چەند کاریگەرن لەشاخدا، بەڵام مەلا بەختیار، شارەزاترین کەسیان بوو لەکاروباری رێکخستنەکانی ناو شارەکان. وتیشی: سێجار رێکخستنەکانی کۆمەڵە و یەکێتیمان لاواز کردووە، مەلا بەختیار هاتۆتە ناو شار و دروستیکردونەتەوە. هەروەها وتیشی: ئێمە زیاتر لە رێکخستنە نهێنییەکانی ناو شارەکان دەترساین، چونکە نەماندەزانی چۆن چالاکی دەکەن و دەست دەوەشێنن!؟
بۆ ئاگاداری خوێنەری ئازیزیش.. بەڕێز مەلا بەختیار، جگە لە رێکخستنەکان، لێپرسراوی پێشمەرگەکانی ناوشاریش بووە. ئێستاش ئەو پێشمەرگە سەربەرزانەی کە لەژیاندا ماوون، باشترین پەیوەندییان لەگەڵ بەڕێزیاندا هەیە.
هەروەها لەو ساڵانەی بەڕێز مەلا بەختیار، بەرپرسی رێکخستنەکان بووە، لەو کاتەی رێکخستنەکان بەر جەزرەبە کەوتوون، چوارجار بە شوناسنامەی ساختەوە، چۆتە سلێمانی و هەولێر..
یەکەمیان: ١٩٧٧.. مەفرەزەی ناو شار گیرابوون، لە چۆخماخەوە گەڕایەوە سلێمانی و مەفرەزەی دروستکردەوە.. رێکخستنەکانی لەڕێی شەهید جەمال تایەر و مامۆستا ئەحمەدی زیندان و شەهید فاروقی قەڵادزێ و دلێری ئەحمەد شوکری و شێخ جەمال و شازاد سائیبەوە، سەرجەم کارەکانی رێکخستووە.
دووەمیان: رێکخستنەکانی هەولێر بەر جەزرەبە کەوتن، مانگی ١٢ی ١٩٧٧، لە دەشتی هەولێرەوە چووە ناو هەولێر و لەڕێی شەهید مەلا غەفوور و هاوڕێیانی کۆمەڵەوە، سەرلەنوێ رێکیخستنەوە، کە ئەم کادرانەی لەگەڵ بوو..
سامی- ئەندامی مەڵبەندی کۆیە، شەهید محەمەد عەجەم، شەهید شاخەوان.. کە گەڕایەوە، فەرید ئەسەسەردیشی لەگەڵ خۆی هێنایە دەرەوە.
سێهەمیان: دوای شەهید بوونی ئارام، لە قەرەداغەوە لەگەڵ دلێری سەید مەجید چووە ناو شار. سەرلەنوێ شیرازەی رێکخستنەکانی لەگەڵ شەهید جەمال تایەر، شازاد سائیب، دلێری ئەحمەد شوکری، شێخ جەمال، شێخ عەبدول، مامۆستا ئەحمەدی زیندان، رووناکی شێخ جەناب، حاجی مەمۆ، عەریف تاڵیب مۆریاسی، شەهید عەبدولڕەزاق.. رێکوپێک کردەوە.
چوارەمیشیان: کاتێک ئامر هەرێمی هەورامان بوو.. مەترسی لەسەر شەهید جەمالی عەلی باپیر لە دۆڵی جافایەتی هەبوو، شەهید جەمال تایەر نامەی بۆ نارد، کە فریایان بکەوێ.. لە شارباژێڕ و قڕگەوە، لەگەڵ دلێری سەید مەجید هاتنەوە ناو شار و تەواوی پیلانەکەی زانی کە چۆن دەیانەوێ جەمالی عەلی باپیر شەهید بکەن.. سەری پیلانەکەش عەلی گاوری هەنارانی خواروو، لەگەڵ جەلالی کوێخا عەبدوڵڵای چۆخماخ و گودروون بوو. هەربۆیە گەڕایەوە شاخ و هێزی کۆکردەوە و ئەو پیلانەیان بەچەککردنی زیاتر لە (٤٠) کەس هەڵوەشاندەوە.
لێرەدا.. ماوەتەوە بە خوێنەری ئازیزی بڵێین: دیقەت بدات کە بۆچی جێگری سەرۆکی موخابەرات، لە تاراندا وای بە ئیتڵاعات وتووە، نەک لە بەر ئەوەی مەلا بەختیار لە مام جەلال و کاک نەوشیروان گرنگتر بووە! نەخێر.. بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی لەناو شارەکاندا کارە نهێنییەکانی بە شارەزایی راپەڕاندووە. حکومەتیش لە خەباتی نهێنی زۆر ترساوە.. بەتایبەتی ئەوکاتەی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی دابوو.. عوسمان محەمەد فایەق، لە رێی هەڵۆی سورەوە لە بەغداد کوژرابوو. عومەر گورچیلە لەناوبرابوو، عەبدولمەجید عەبدولسمەد و ساڵح عانی لە زانکۆی سلێمانی و دواناوەندی کشتوکاڵ تیرۆر کرابوون. موخابەراتی عێراقی بەم کارانە هەراسان ببوو.. دواتریش، لەساڵی ١٩٨١ بە دواوە، ئیتر کاک نەوشیروان مستەفا، رێکخستنە نهێنییەکانی پێشمەرگەی ناوشاری رابەرایەتی کردوووە. کاری زۆر قارەمانانە کراون.. لەوانە کوشتنی ئاسۆی قومری و مچەی ئەحە پوت و هی تریش.
لەکۆتایدا دەمانەوێت بپرسین: ئەگەر ئەو رووداوانەی بەڕێز مەلا بەختیار دەیانگێڕێتەوە، ئەگەر راستی نەبن، ئەی بۆچی..
-حکومەت سێجار هەوڵی کوشتنیداوە؟
-بۆچی لەدادگای بەناو شۆڕشی بەعس، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە؟
-بۆچی لەبەڵگەنامەکانی ئیستخباراتی عێراقدا هاتووە، کە.. مەلا بەختیار پسپۆری رێکخستنەو بە(٥) ناسنامەی ساختەوە هاتووچۆ دەکات، بێگومان (بەڵگەکان) لەبەردەستمانن..
-ئەی بۆچی (٢٤) ساڵی رەبەق باوک و حەوت خوشک و برای بۆ سەگڵاوییە-فەلوجە رادەگوێزرێن؟
دەمانەوێ بشڵێین: ئێمە دەزانین دۆخی ئێستای کوردستان، لەڕووی ئابوری (سیاسییەوە) نالەبارن. ئەمەش رایگشتی توڕە کردووە، بەڵام ئەوانەی لەنمایشی فەیسبوکدا دەرکەوتوون، هەق نییە گومان بخەنە سەر تێکۆشانی مێژووی سەرکردە و پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ.. کەمایەی سەربەرزین.
قەتیش بەڕێز مەلا بەختیار، خۆی سەنتەری باسەکان نەبووە، تەنها لەو یادانەدا کە خۆی لەناویاندا بووە. رووداوەکان بە زمان و قەڵەمی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەگینا هەمووی دوو هەفتە لەمەوبەر لە کەناڵی (روداو)دا، وتی:
مام جەلال لەهەموومان خوێنەرتر بووە، بەڕێز نەوشیروان مستەفاش لەکوردی زانی و میتۆدی نوسیندا مامۆستام بووە، بەردەوامیش وتویەتی شەهید ئارام رابەرمان نەبوایە، کۆمیتەی هەرێمەکان سەرنەدەکەوتین. هەمیشە بەشانازییەوە باسی شەهید شیهاب و عەلی عەسکەریی و د. خالید و سەعدی گچکە و سیروان تاڵەبانی و جەمالی عەلی باپیر و عەلی ساڵح و شەهیدان رێباز و شاخەوانی کردووە. تەنانەت زۆرترین وتاری لەسەر پێشمەرگە شەهیدەکان و تێکۆشەرانی هاوسەنگەر نوسیووە.
ئیتر.. نە هیچ تێکۆشەرێک دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی رووداوەکانی مێژوو هەڵگێڕێتەوە، چونکە شایەتی زیندوو زۆرن. نە ئەوانەی بە وردییەوە ئاگایان لە رووداوەکانی مێژوو نییە، دەتوانن بەنمایشی فەیسبوکی راستییەکان چەواشە بکەن.
دوا قسەشمان ئەوەیە.. جگە لەیاسینە رەش، کە شایەتی زیندووی گێڕانەوەی بەڕێز مەلا بەختیارە.. لە هەموو شارەزایەک دەپرسین:
ئایا بەڕێز مەلا بەختیار، کە ناوی هاشمی، وەکو گەورە بەرپرسی ئیتڵاعاتی ئێران هێناوە، کە قسەکانی بۆ وەفدی ئێران گێڕاوەتەوە.. ئایە بەڕێز مەلا بەختیار، دەکرێ بەناوی بەرپرسی دەزگایەکی هەستیاری وای ئێرانەوە، قسە هەڵببەستن؟ دیارە ئەمانە نازانن، کە هەرگیز ناکرێ، بەناوی دەزگایەکی وەهای ئاسایشی ئێرانەوە، هیچ کەسێک بتوانێ رووداو بهۆنێتەوە.
ئەگەر کاک یاسینە رەشی بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی -ئێران، یان ئاغای هاشمی و کەسێکی وەفدەکەی ئێران، رونکردنەوەیانداو رووداوەکەی بەڕێز مەلا بەختیار گێڕایەوە، بە ناڕاستیانزانی.. ئەو کاتە ئیتر بەڕێز مەلا بەختیار، هەقە قەت رووداوی مێژوویی نەگێڕێتەوە.
چاودێر