
قوباد تاڵەبانی: خەیاڵی ئەو کەسانە خاوە کە پێیانوایە یەکێتی نامێنێت
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاریی دیداری یەکێتی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، یەکێتی جەماوەری لە سەرجەم شارەکان هەیە، لە موسڵ، دهۆک، هەولێر، کۆیە، راپەڕین، سلێمانی، شارەزوور، گەرمیان، هەڵەبجە و گەرمەسێر و پێگەی لە هەموو ئەم شوێنانە هەیە، حزبێکە لە هەموو عێراق ناوی هەیە و مێژووی خۆی تۆمارکردووە، بۆیە ئاساییە کۆنفرانسی دیدارى یەکێتی لە موسڵەوە دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی حزبێکی سیاسییە و سیاسەت دەکات، بۆیە پێویستە سیاسەتەکەی لەگەڵ کادر و دەنگدەر و خەڵکی کوردستان بگونجێت، بەمەش دەتوانین زۆرترین دەنگدەر بۆ خۆمان رابکێشین بەمەش کاریگەریی زیاترمان لەسەر سیاسەتی عێراق لە قۆناغی داهاتوو دەبێت، ئەو راسپاردە و بڕیارانەی لە دیداری یەکێتی بەرزدەکرێنەوە کاریگەرییان لەسەر تەواوی خەڵكی هەرێمی کوردستان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە دەبێت.
قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، یەکێتی سەلماندوویەتی حزبێکی زیندووە، لە کاتێکی زۆر قورسدا کۆنگرەمان کرد، هەروەها دیداری یەکەممان بەست، دیسانەوە کۆنگرەیەکی دیکەمان کرد، بەشداریی دوو هەڵبژاردنی زۆر سەختمان کرد گەورەترین دەستکەوتمان بەدەستهێنا، بووین بە یەکەم هێزی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بە هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی توانیمان هەم دەنگمان هەم کورسیمان هەم رێژەمان لە پەرلەمان زیادبکات، ئەمەش خەیاڵی ئەو کەسانە خاودەکاتەوە کە دەڵێن یەکێتی کێشەی هەیە، یەکێتی نامێنێت.