
مامۆستایانی گرێبەست بۆ مووچەکانیان دەچنە بەغداد
بڕیارە لەم هەفتەیەدا مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزیرانی دارایی و پەروەردەدا کۆببنەوە دابەشکردنی مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا تاوتوێ دەکەن.
کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەینی گفتوگۆمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە کردووە و بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هەردوو وەزیری دارایی و پەروەردەدا کۆببینەوە.
ئەو وتیشی، مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو و دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان دەبێت، چونکە لەئێستادا ئەو پرسە کێشەی ئەوانە و ناکرێت مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ بێت و لەدوای مووچەخۆرانی دیکەوە مووچە وەربگرن.
نوێنەرەکەی مامۆستایانی گرێبەست ئاماژە بەوەشدەکات، نووسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران هەیە کە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دابەشبکرێت لەسەر داهاتی ناوخۆ، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە.
هاوکات، دوێنێ پێنجشەممە عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕاگەیاند، بەگوێرەی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەدا دابەشدەکرێت بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر حەوت مانگە لەگەڵ نووسراوی خۆیدا راستگۆ نییە.