نوێترین

recent

10/03/2025

تەیف سامى "گەندەڵیەکی دیکەی لە لیستی مووچەدا ئاشکرا کرد.


 


کێشەی نوێ لە لیستی مووچەدا هەیە و تەیف سامی ناوی 100 کەسی لە لیستەکەدا دیاریکردووە و گوتوویەتی، بە نایاسایی خانەنشین کراون.

دوو رۆژە شاندێکى باڵا و شاندێکى تەکنیکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لە بەغدادن، چاویان بە تەیف سامى، وەزیرى دارایی کەوتووە، بە وردى باسى کێشەکانیان لەگەڵ کردووە، تەیف سامى پێی گوتوون، لیستى خانەنشینى هەرێمى کوردستان کێشەى زۆرە، ناوى خەڵکى تێدایە، بە نایاسایی بە پلەى باڵا خانەشین کراوە.

یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بەو مەرجەى ناوى نەهێندرێت، زانیارى نێو کۆبوونەوەکەى بە زووم دا، ئەو گوتى، “کاتێک باسی لیستەکەمان کرد و گوتمان ‘هیچ کێشەى نییە’، تەیف سامى لیستێکى خستە بەردەستمان، ناوى نزیکەى 100 خانەنشین دەبوو، پێیگوتین، ‘ئەمانە چین؟’ ئێمەش گوتمان، ‘مەبەستت چییە، ئەوانە ناوى خانەنشینانن’، ئەویش گوتى، ‘منیش دەزانم، بەڵام ئەمانە بە نایاسایی بە پلەى وەزیر و بریکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى و راوێژکار خانەشینکراون، ئەمانە هیچیان پلەى وەزیفیان نەبڕیوە.'”

تەیف سامی بە هەردوو شاندەکەشی گوتووە، “تیمەکانى چاودێرى دارایی بەدواداچوونیان کردووە، ئەم کەسانە پێشتر سەر بە رێکخراوە ناحکومییەکان بوون و دەبێت رازی بن ئەم لیستە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەم 100 کەسە هەموویان یەکێتی بە پلە باڵا خانەنشینی کردوون.”

پارتى و یەکێتى لە کابینەى هەشت بڕیاریاندا کێشەى ئەوانەى لە رێکخراوەکان بوون سەرجەمیان بخرێنە سەر حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئیدى بەئارەزووى خۆیان پۆستیان دەبەخشییەوە، دڵسۆزى بۆ هەردوو حزب خاڵى لەسەر بوو، نەک حزمەت.

زووم لەبارەی چارەسەری ئەم کێشەیە و بەڵێنی ناردنی پارەی مووچە لە سەرچاوەکەی پرسی، ئەویش گوتی: لەم یەک دوو رۆژەدا لیستى مانگى شوبات چارەسەر دەبێت و بەغداد مووچە دەنێرێت.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085