
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق رێککەوتوین خۆمان بەدوور بگرین لە رێگە چارەی سەربازی بۆ یەكلایكردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
عەبدی لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕیشسپی و شێخی هۆزەکان بەئامادەبوونی شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، قەیرانی سوریا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگی ناوخۆیی هاوڵاتیانی سوریاوە چارەسەر دەکرێت و وەفدێك لەپێکهاتەکانی ناوچەكە پێکدەهێنرێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە و دەوڵەتی سوریا.
ڕاشیگەیاند، هیچ ئەندامێکی پاشماوەی رژێمی پێشوو لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بوونی نییە.
عەبدی ئەوەشی ڕاگەیاند، ئامادەین بۆ تێکەڵکردنی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ پەیكەری دەوڵەتی سوریا، بەڵام لەسەر بنەمای سازان و دوای دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا و لە ئایندەیەکی نزیکدا كۆمەڵێك چاکسازیی ئیداری و ئابوری دەستپێدەکات، لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە.