
بۆ بەندە هەموو رۆژێک ٨ی مارسە. پێویستە بە بەردەوامی و لە هەموو رۆژەکانی ساڵدا هەوڵ بدەین پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا بەهێزتر بکەین و لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانیان بێدەنگ نەبین و رێگری بکەین لە هەرجۆرە توندوتیژییەک کە بەرامبەریان دەکرێت.
لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا سەردانی دایکی هەڤاڵ ئاشتی عەبدوڵام کرد کە نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆکراوە و هیوای سەلامەتی و تەندروستیم بۆ خواست. هەروەها سوپاسی هەڤاڵ ئاشتیم کرد کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو بەرپرسی کاروباری ژنان بووە لە ئۆفیسەکەی بەندە و رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و کارکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
بە هەوڵ و ماندووبوونی هەڤاڵ ئاشتی و تیمەکەمان و هەموو چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، خۆشبەختانە ئێستا دادگاکان و ئاسایش و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆر بە باشی ئەرکەکانی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێبەجێ دەکەن. لە ئێستاش بە دواوە زۆر بە جدیتر چاودێر و هاوکات هاوکار دەبین لەگەڵ دامودەزگاکان تا ئامانجی کۆمەڵگایەکی بە دوور لە توندوتیژی بەدیدەهێنین. __
__قوباد تاڵەبانی______