نوێترین

recent

26/02/2025

مەزڵوم عەبدی دژی فشارەکانی تورکیا هاتە دەنگ.


 


دژی فشارەکانی تورکیا لەسەر دەسەڵاتی نوێی سوریا مەزڵوم عەبدی هاتە دەنگ و رایگەیاند، هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق لەژێر كاریگەریی توركیادایە و شەڕی وڵاتەكەش دژی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا توندتر بووەتەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" بۆ "بی بی سی" رایگەیاند، "پێشتر چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوتووە بەڵام هێشتا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە دیمەشق نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، چونكە دیمەشق لە ژێر فشار و كاریگەریی توركیادایە".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاشکرایە کە شەڕی ئێمە لەگەڵ تورکیا هێشتا بەردەوامە بەڵام روون نییە ئاخۆ هەڵوێستی دیمەشق دوای فشارەكانی توركیا بەرانبەر كورد لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا چۆن دەبێت، هەرچەندە هەڵوێستییان تاوەکو ئێستا ئەرێنیی بووە.

هاوکات عەبدی دەڵێت، "ئەمریكا و فەڕەنسا، بەڕیتانیا و بەشێک لە وڵاتی عەرەبی، لە هەوڵی ئەوەدان دیمەشق پابەندی مافەكانی كورد بکەن لە سوریا".

ئاماژەی بەوەش كردووە، "ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات، ئەوان ناچارن تاكتیكی سەربازیی خۆیان بگۆڕن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی هەڵاتنی زیندانیكراوانی داعش لە هەندێك ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان".

Picsart-24-02-23-21-31-09-085