
نوێنەری پێشوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەری گۆڕانكاری لەناوچەكە بەهێزە، كوردیش بەشێكە لەگۆڕانكارییەكان و پێویستە ئامادەسازی هەبێت، دەشڵێت" پێشبینی دەكرێت سەرەتا گۆڕانكارییەكان لە سوریاوە دەستپێبكات ".
بەهرۆز گەڵاڵی، سیاسەتمەدار و نوێنەری پێشوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە تورکیا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت،" لێكدانەوەو ئاماژەكان پێمان دەڵێن، ئەگەری گۆڕانكاری لەناوچەكە بەهێزە، كوردیش كەبەشێكە لەگۆڕانكارییەكان، بۆیە پێویستە ئامادەسازی هەبێت".
ئەوەشیخستەڕوو، پێشتر هاوپەیمانان زۆر هەوڵیاندا هێزی پێشمەرگە یەكبخەن، تائێستا نەكراوە و لەڕوی سیاسی و ئیداریشەوە ئەوەی ئێستا لە شانۆی سیاسی كورددا دەبینرێت، لەئاست ئەو ئەگەر و گۆڕانكاریانەدا نییە.
بەهرۆز گەڵاڵی باسی لەوەشکرد، میژوو ڕەحم بەكەس ناكات بەتایبەتی پارتی و یەكێتی كە دوو هێزی گەورەی كاریگەرن و حكومەت و بریاری باشور لەبندەستی ئەواندایە.
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش نوسیویەتی، پێشبینی دەكرێت سەرەتا گۆڕانكارییەكان لە سوریاوە دەستپێبكات، رۆژئاوا و هێزە كوردییەكان لەناو چەقی گۆڕانكارییەكاندان، شكستی ئەوان دەبێت بەشكستی كورد بەگشتی، بۆیە ئەركی هەموو لایەكە پشتیوان و هەماهەنگی دۆخی رۆژئاوابن.
بەهرۆز گەڵاڵی ئاماژەی بەوەشکرد،" ئەمڕۆ رۆژی وتاری حزبی نییە، كات و ساتی بینینە بەفراواترو ئەوانەی تا دوێنێ شانازیان بەوتاری حزبیەوە دەكرد بۆ سبەینێ دەبێتە شەرمەزارییەكی گەورە بەتامی خیانەت، باهۆزەكە هەڵیكردووەو لەسەر كەس ناوەستێت، ئەوەی ئامادەیی نەبێت رەنگە ماڵۆچەو رەشماڵی حزبی بابیبات".