
واشنتۆن هیچ گەرەنتیەكیی نەداوە بە بەعداد بۆ ئەوەی نەكرێتە ئامانج
بەغداد مەرجەكانی واشنتۆن جێبەجێنەكات دەخرێتە ریزی وڵاتە نەیارەكانەوە
لەگەڵ ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دواین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا، رەتیكردووە هیچ جۆرە فشارێك هەبێت لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و چەككردنی میلیشیا شیعییەكانی هاوپەیمانەكانی ئێران ، چاودێرانی سیاسی و زۆرێك لە میدیاكانی عێراق جەخت لە دروستی ئەو زانیارییانەو و بوونی فشارێكی توندی ئەمریكا دەكەن بۆ كۆتایهێنان بە هەژموونی میلیشیا شیعیەكان، كە حەشدی شەعبیان كردووەتە چەتر بۆ جموجۆڵە سەربازی و سیاسی و تەنانەت بازرگانیەكانیشیان لە عێراق و ناوچەكە.
رۆژنامەنوس "حوسام ئەلحاج" لەوبارەیەوە دەڵێت: فشارەكانی ئەمریكا لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و چەككردنی گروپە چەكدارەكان، فشاری جدین و سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش رازیبون بە داواكەو خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بەڵام بەوشێوازە نا كە ئەمریكا دەیەوێت.
ئەو رۆژنامەنوسە دەڵێت: ئەوەی رویداوە كە هیچ گومانێك هەڵناگرێت ئەوەیە، واشنتۆن داواكارییەكی چەند خاڵی ئاڕاستەی عێراق كردووە كە ئەمانەن:
یەكەم: گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلەو یەكلاكەرەوە بەجۆرێك كە هیچ پێچ و پەنایەكی تیادانەبێت، بۆ هەڵوەشانەوەی گروپە چەكدارەكان و چەككردنیان و نەهێشتنی بارەگاكانیان و، كۆتایهێنان بەبوونی جیۆسیاسی و سەربازییان.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەشێوەیەكی تەواوەتی و تێكەڵكردنی چەكدارەكانی بە یەكە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری.
سێیەم: گرتنەبەری هەنگاوی خێراو بەپەلە بۆ چارەسەركردنی كۆگاكانی چەك و كارخانەكانی دروستكردنی موشەك و فرۆكەی بێفرۆكەوان، دەوترێت ئەمریكییەكان وێنەی ئاسمانی و زانیاری وردیان لەبارەی ئەو كۆگایانەو شوێنەكانیان لەسەر خاكی عێراق رادەستی حكومەت كردووە.
وێڕای مەرجی ئابوری و سیاسیەكانی تر كە واشنتۆن داویەتی بە حكومەتی عێراق.
لای خۆیەوە عێراق دوای تاتوێكردنی مەرجەكانی ئەمریكا، رەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ هەبَوەشاندنەوەیان، بەڵام پێیوایە میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە نادروستن، عێراق لە وەڵامەكەیدا بۆ ئەمریكا داوایكردووە:
یەكەم: حەشدی شەعبی بەمشێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، لە دەستەیەكی سەربەخۆوە بكرێت بە بەڕێوەبەرایەتیەك لە وەزارەتی بەرگری.
دووەم: گروپە چەكدارەكان بەكرداری هەڵدەوەشێنرێنەوە.
سێیەم: ئەو حزبانەی باڵی چەكداریان هەیە، چەكدارەكانیان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەڵام ئازاد دەبن لە كاری سیاسی و رێگەیان لێناگیرێت.
چوارەم: عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستی بە ساڵێكی تەواو هەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە، شانبەشانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغدادو واشنتۆن كراوە.
دواین داواكاری عێراقیش ئەوە بووە، عێراق بە هیچ جۆرێك نەكرێتە ئامانج لەلایەن هیچ لایەنێكەوە لەو ماوەیەدا.
پەیامەكەی عێراق بەوشێوەیە گەیەندراوە بە ئەمریكا، سعودیەو ئوردنیش پشتیوانیان كردووە، سەردانەكەی ئەم دواییەی سودانی بۆ ئەو دوو وڵاتە لەوپێناوەدا بووە.
وەڵامەكەی ئەمریكا زۆر بەخێرایی هاتووەتەوە، تەواوی داواكانی عێراقی رەتكردووەتەوەو جەختی لە جێبەجێكردنی تەواوی مەرجەكانی كردووەتەوە، لەگەڵ پێنەدانی هیچ گەرەنتیەك بە عێراق بەوەی نەكرێتە ئامانجی هێرشی سەربازی.
دەوترێت ئەمریكییەكان رۆژی (30) نیسانی ساڵی داهاتووی وەك دوا وادە بۆ عێراق دیاریكردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە، بەپێچەوانەوە عێراق دەخرێتە ریزی ئەو وڵاتانەی كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو بەرژەوەندی هاوبەشەكانی دەگەیەنێت لە ناوچەكە.