
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق: خەڵکی پرسیاری زۆری لەبارە سەرژمێرییەوە هەیەو چاوەڕێی وەڵامن، پوختەی سەرنج و زانیارییەکان:
1: ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری(١٥) پانزە ڕۆژە، نەک(٢)دوو رۆژ.
بەروارەکانی ٢٠ و ٢١ ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی رەسمی و قەدەغەی هاتوچۆیە. ئەو دوو ڕۆژە تیمی ژمێرکار، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار ئەکەن، باقی ١٣ رۆژەکەی تر، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری تۆمار ئەکەن.
2: ئەو هاوڵاتیانەی لەو دوو رۆژەدا لە کارو خزمەتن و ئێشکگرن وەکو کەرتەکانی پزیشکی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی ، ئەو هاوڵاتیانە ئەتوانن کارتی نیشتمانی خۆیان لەلای خێزانەکەنیان بەجێبهێڵێن و بێ دوو دڵی ،تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن.
3: بۆ ئەوانەی لەو رۆژەدا خۆیان، یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، بەهۆیەکانی گەشتکردن و بازرگانی و چارەسەری پزیشکی ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکەنیان دابنێن، بۆ نمونە لەلای ماڵی خوشک، برا، دایک و باوک، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.
4: ئەگەر بەهەر هۆیەک رۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتنامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسییە) .
5: بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی کە بە دونیادا بڵاو بونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر ،لەرێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات تۆمار ئەکرێن و هیچ بەدگومانیی و دوو دڵییەکی ناوێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە، بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە ٣٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٢) برگەی یەکەم ، دەبێت هاوڵاتی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئەوانیش سەرژمێری بکرێن .
6: بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە (٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١١) پێویستە پاش (١١) ساڵی تر سەرژمێری دانیشتوان بکرێتەوە و بۆهەر (١١) ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت.
7: خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی ١٤٠ پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆتان، بەگەرانەوەتان گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەکەتان دەکەن.
سزاکانی سەرژمێری چین ؟
لەرووی قانونیەوە پرۆسەی سەرژمێری بە دوو قانون رێکخراوە، قانونی سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (٤٠ )ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموارەکەی لەگەڵ قانونی دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (٣٢ )ی ساڵی ٢٠٢٣ ئەمەی دووەمیان قانونێکی زۆر گرنگ و سەرەکیە ، لەو قانونەدا هاوڵاتی پابەندکراوە کە دەبێت بەشداری سەرژمێری بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە، سزاکان بەم شێوەیەن؛
1: ئەگەر هاوڵاتی ڕێگریکرد سەرژمێری بکەن ،بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە(٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٨ ) برگەی (چوارەم) ، سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی کە لە (٣) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2: ئەگەر هاوڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەشکرد، بەگوێرەی هەمان قانون ، پاڵپشت بە مادەی (١٩) برگەی (یەکەم) هاوڵاتی زیندانی ئەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی کە لە (٥) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
تێبینی یاسایی:
هەمو هەو قانونانەی کە لە پەرلەمانی عێراقی دەرئەچن ، ئەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ کارپێکردنیان لە هەرێم دەنگی پێ بدات. هەرچەندە لەو ماوەیە پەرلەمان هەڵوەشاتەوە ، بەڵام پرۆسەی سەرژمێری گشتگیر و نیشتمانی و
فیدراڵییە
هاوڕێ تۆفیق" .