نوێترین

recent

19/09/2024

مامۆستا جەعفەر" ئەوەی ” ناوزڕاندن ”ی بەئامانج گرتبێت دادگا چاوەڕوانی دەكات


 

ئەوەی ” ناوزڕاندن ”ی بەئامانج گرتبێت دادگا چاوەڕوانی دەكات
هەر كەسێك رەخنەی لێگرتبم و لێمبگرێت ، هەزاران جار گەردنی ئازا بێت . ئەوەی نەمناسێ و هەزار جوێنی بازاڕیش بدات ، ئەوەش بەر لافاوی لێبوردن دەكەوێت . ئەوانەی بۆ مەبەستێك لە مەبەستەكان” ناوزڕاندن ”ی خەڵكیان بەئامانج گرتبێت ، قانون و دادگا هەیە . ساڵانی پێشوو چەندین كەس ، هاندرابوون ، قسەی نابەرپرسیارانە بەرانبەرم بڵاوبكەنەوە ، داوام لەسەر هەموویان تۆمار كردووە . هەر دوای دوو دانیشتنی داداگا ، باڕەیان لێهستاوە ، زوو پەشیمانییان راگەیاندووە . بەڵام من نەك بە گیانی تۆڵەسەندنەوە و سەرئێشاندن و سزادان ، بەڵكوو ( فێربوون )ی رێزگرتنی قانون ، پێشێلنەكردنی مافی مرۆڤ ، پێداگرییم لە سەر دادگایی كردن كردووە .
ژمارەیەك كەس دەناسم ، كە هۆكارەكەی بۆ هەموو لایەك روونە ، لەسۆنگەی بێسەروبەری تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانی ئێرەوە بوونەتە گوتارنووس ، داوای هەرچییان لێ كرابێت نووسیویانە و نەیانتوانیوە ویژدان و ئەقڵی خۆیان بەكاربهێنن . بۆیە من لە رێگەی پارێزەرەكانمەوە كەیسەكەیانم لە بەردەم داداگا داناوە . ئیدی داداگا بەگوێرەی بەرپرسیارێتی خۆی داوایكردوون . نەیانتوانیوە لەوێ داكۆكی لە خۆیان بكەن ، تەنیا پاڕانەوە و پەشیمانییان بۆ ماوەتەوە . قانون هەیە و من قەت بیر لە تۆڵەسەندنەوە و وەڵامدانەوەی ئەوانە ناكەمەوە . هەرچەند هەردووكی لە خۆی ئاسانتر نییە .
دڵنیاشم ئەوەی بەرانبەرم بە ناهەق ، یان لەخۆڕا خراپەكاریم دژ كرابێت ، ئەو كەسە گەڕوگول و ریسوا بووە . من چاوەڕوانی ئەوە ناكەم ، ئەوانە رۆژێك لە رۆژان ریسوا و گەڕوگول بن . هاوڕێ نزیكەكانم زۆربەی ئەوانە دەناسن ، كە بەرانبەرم خراپەكارییان كردووە ، چۆن هەرهەموویان ریسوا و گەڕوگول بوون . قانون و دادگا هەبێت بۆ چاوەڕوانی ( نەفرەتی زەمانە ) بكەم ؟
كەسێك ، لەسەر چەند كەیسێكی جیاجیا ، یەكێتی دووری خستبووەوە . لە سەر سەكۆی گۆڕان پێش رۆژی ٢٠٠٩/٧/٢٥ دەركەوەتەوە و هەزاران جوێنی بازاڕی بە یەكێتی دا . دواتر ، داوای لە كاك نەوشیروان مستەفا كردبوو بۆ پەرلەمانی كوردستان كاندیدی بكات ، ئەوێش یەك سەعات پێكەنیبوو .
پرسیارەكەی من ئەمەیە : هەر كەسێك رەخنەی لە یەكێتی گرت پارتیە یان دژی یەكێتییە یان خیانەتی كردووە یان پارەی لە شوێنێكەوە وەرگرتووە ؟
مام جەلال پاش رێكەوتننامەی واشنتۆن ساڵی ١٩٩٧ ، هاوپەیمانی ستراتیجی لەگەڵ پارتی ئیمزا كرد . هەمووشمان گوتارەكانی مام جەلالمان بیرە : چونكە دەیزانی هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ چەند زیان دەگەێنێت .
سەركردایەتی یەكێتی ، هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەیە و دەیەوێت براوە بێت ، ئەوە مافی دەستوری و سیاسی خۆیەتی . ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە : كەسانێك بۆ مەبەستی خۆیان ، بە حیساب بەشداری لە حەملەی هەڵبژاردن دەكەن . بەردەبنە گیانی یەكێتیە راستەقینەكان . رۆژی ( ٢٠ /١٠ ) هەڵبژاردن دەكرێت و دڵنیام یەكێتی پێویستی بەم جۆرە دەموچاوانە نامێنێت ....
ئەوانەی ساڵی ١٩٨٠ لە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بوون وەكو ( هەڤاڵ كوێستانی ، ئاسۆ عەلی ، هشیار عابد ، نەبیل محەممەد حسێن ، لوقمان حەیدەر ، جەمال كەركوكی..تاد. )ئەو راستیە دەزانن : كاك پشكۆ ناكام یەكەم بێژەری ئێسگە بوو . لەگەڵ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی تۆزێك دڵی شكێنرابوو . گوتی : من ئیتر لە ئێسگە كار ناكەم . من خۆم رێكۆردێكم دانا و دەنگی ژمارەیەك پێشمەرگەم تۆمار كرد . من خۆم دەنگی فەرهادم بە گونجاو بۆ بێژەری پەسەند كرد . من باسی سروشتی كاری ئەو رۆژانەی ئەو سەردەمە دەكەم . ئەگینا پێویستم بە ” پێزانین ” و پێنەزانینی ئەم و ئەو نییە !
بەگوێرەی قانون ، هەر كەسێك ( تاوان )ێكی سیاسی یان ناسیاسی خستە پاڵ كەسێكیتر ، دەبێ بەڵگەی پێبێت یان بتوانێت بیسەلمێنێت ، كە ئیدعاكانی راستن . ئەم كەسە ، كە یەكێتی نییە و خۆی كردۆتە ( محامی ) یەكێتی ، پێیدەڵێم : ئاساییە دوای ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی ، بە بڕیاری گشتی تۆی لەو فراكسیۆنە دوورخستەوە ، سەرلەنوێ دەرگاكەت بۆ بخرێتە سەر
پشت . ئەمە دەیكەیت تێپەڕاندنی هێڵی سوورە .
ئێستا ئەو دەڵێت : (... مامۆستا جەعفەر و مەلا بەختیار پێنسەد ٥٠٠ دەفتەریان لە بارزانی وەرگرتووە ..) كەسێك قسەی وا دەكات ، دەبێ بەڵگەی پێبێت . زۆر زۆر سوپاسی دەكەم ، هیچ منەتی نەبێ ئەو بەڵگانە وەكو خۆی بڵاو بكاتەوە . نازانم چاوەڕوانی چی دەكات ؟ ئەم پەیڕەوی كردنی شێوەی عەقڵی ( گۆبلز )و فاشیەكانە : ریز كردنی قسەی ناڕاست و بێبنەما . ئەگەر ئەم كەسە یان هەر كەسێكیتر توانی بیسەلمێنێت من دووسەد و پەنجاییەكم لە سەركردەكانی پارتی یان بنەماڵەی بارزانی وەرگرتووە ، ئەوە ئامادەم. بە نوێژی نیوەڕۆ لە بەردەركی سەرا لە ملم بدرێت . ئەگەر ئەم فەرهادە قسەی لە گیرفانی خۆی دەركردووە ، ئەوە شایانی ئەوەیە یەكێتی داكۆكی لەم جۆرە كەسانە نەكات ، ئەوجا من بە قانون تێیدەگەێنم چۆن چوارمشقی دابنیشێت .
مامۆستا جەعفەر
دامەزرێنەری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
٢٠٢٤/٩/١٨
Picsart-24-02-23-21-31-09-085