نوێترین

recent

16/09/2024

پزیشکیان هێڵێکی سوری بۆ بەرپرسانى پارتى دیاریکرد.

 



دوای سەردانە دوو ڕۆژیەکەی بۆ عێڕاق و هەرێمی کوردستان، چاوەکان چوونە سەر سەردان و کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لە گەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبی لە هەرێمی کوردستان لەوانە کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکان لە گەڵ مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی. 

پزیشکیان لە کاتى سەردانەکەیدا بۆ هەولێر و سلێمانى جگە لە کۆبوونەوە گشتییەکانى، بەدیاری کراوی لەگەڵ سێ بەرپرسى حزبی و حکومی دانیشتنى دوو قۆڵى تایبەتى ئەنجامداوە، ئەوانیش نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکی هەرێم و مەسعود بارزانى وەک سەرۆکی پارتی و بافڵ تاڵەبانى وەک سەرۆکی یەکێتی ..

بە پێی زانیاریەکان ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی پزیشکیان لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر و سلێمانی بریتی بووە لە ڕێککەوتن لەسەر پرسى ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چۆنیەتی ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و چۆنیەتی دابەشکردنەوەی پۆستە باڵاکانی وەک هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم ( سەرۆکی هەرێم – سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران – سەرۆکی پەرلەمان ) لە ئاستی هەرێمدا و لە ئاستی عێراقیش لێکتێگەشتنێک بووە بۆ داهاتووی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و وەرگرتنی بیروبۆچوونی مەسعود بارزانی لە دیاری کردنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق .

ئیرادە زانیویەتی بەشێکی دیکە لە ناوەرۆکی کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکان، جیا لە سوپاس کردنی پزیشکیان بۆ هەردوو حزب لە گەمارۆدان و کەمپ نشین کردنی حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان، پرسە ئەمنییەکانی نێوان هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، بەتایبەت کاتێک ئێران هەرێمی کوردستانی بە پەرژینی وڵاتەکەی وێنا کردووە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، بەوەش سەرۆک کۆماری ئێران هێڵێکی بۆ بەرپرسانی بەتایبەت پارتی دیاری کردوووە لەپێناو سنوردار کردنی رێژەیی بۆ هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت سنوری هەولێر .  

بە پێی بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، هاتنی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری ئێران و کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە گەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی و دواتر سەردانی کردنی سلێمانی بەتایبەت، پەیامی پاراستنی یەکێتی و سنورە جوگرافیاکەی دا بە پارتی و تورکیا، کە سنوری دێگەڵە سنور و پەرژینی سەوزی ئێرانە و بۆ پارتی نیە چیتر لە ڕێگەی تورکیاوە فشارەکانی بۆ سەر ئەو زۆنە زیاد بکات ئەگەر چی ئەو پەیامە لە پێشتریش درابوو بە گوێی نێچیرڤان بارزانیدا لە دواین سەردانیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران .
مەسعود پزیشکیان رۆژى چوارشەممە 12ى ئەیلولى 2024،  بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە عیراق و لەلایەن محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران پێشوازی لێکرا، دواتر بە سەردانێکی فەرمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێرو دواتر سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانى حزبی و حکومی هەرێم کۆبوەوە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085