
بانگەوازێک لە عەتا سەراوییەوە بۆ عەشیرەتەكەم عەشیرەتی جاف و تەواوی خەڵکی کوردستان..
خۆتان دەزانن ئێمە هیچ كاتێك لە هیچ دوژمنێكی ناوخۆی و دەرەكی نەترسیاوین و دەیانجار پیلانگێریمان لە دژ كراوە و بە سەربەرزی لێی دەرچووین. بەڵام بەداخەوە زیاتر لە ١٠ رۆژە بە پیلانێكی هەرچی و پەرچیەكان كە لەم دواییە دەستیان بەسەر یەكێتیدا گرتوە، منیان دەستگیر كردوە و ئێستاش وەك بزانم، پیلانێكی مەترسیداریان هەیە و دەیانەوێ تۆمەتی گەورەم بخەنە پاڵ.
بەڕێزان بە ئاشكرا و ڕاشكاوانە دەیڵێم كە ئەم گرتنەی من سەرەتا پێیان گوتم تەنیا بۆ ماوەی یەك رۆژە و ئازادت دەكەین و گوتیان ئەم سیناریۆیە دەكەین بۆ رازیكردنی هەندێك خەڵكی تر، هەر ئەمەش وایكرد من ئەو دوو سەیارە پڕ لە پێشمەرگەیەم ئیزن بدەم كە هاتبوونە فڕۆكەخانە بۆ پاراستنم، ئەگینا ئەو هەرچ و پەرچیانە پیاوی ئەوە نین عەتا سەراوی لە ناو جەرگەی سلێمانی بڕفێنن.
ئێمە هیچ شك و گومانێكمان لە خۆمان نیە و ئەو تۆمەتەشی بۆمان دروست كراوە درۆ و دەلەسەیە، پێویستە كاك بافێڵ و كاك قوباد ئەوە باش بزانن كە ئەو هەرچی و پەرچیانەی وا دەستیان بەسەر دژەتیرۆر و ئاسایشی یەكێتیماندا گرتوە و خەڵك دەڕفێنن و بازرگانی بە سەركردەی یەكێتیەوە دەكەن، دڵسۆزی كەس نین و ئەگەر بۆیان بگونجێ یەكەمین كەس ماڵی مام جەلال وێران دەكەن!
من وەك هەمیشە ڕۆڵەی یەكێتیم و هەزار پیلانگێڕی هەرچی و پەرچیەكانیش هەبێت هەر بە یەكێتی دەمێنمەوە، بەڵام بەداخەوە وادیارە ئەو یەكێتیەی كاك بافێڵ و كاك قوباد چیتر ئەو یەكێتیە نەماوە كە ئێمە پێی ئاشنا بووین.
تكا لە عەشیرەتەكەم عەشیرەتی جاف و تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەم، من پێشمەرگەیەكی ئەم وڵاتە بووم و ڕۆژانێك لەپێناو ئەم كوردستانەدا شەڕم كردوە، تكایە فریام بكەون و مەهێڵن ئەم پیلانە سەربگرێت، چونكە دەیانەوێت بمگوازنەوە بۆ زیندانی دژەتیرۆری یەكێتی و دواتر تۆمەتی خراپترم بۆ دروست بكەم.
* بۆ زانیاری هەموو لایەك، من و چەند هەڤاڵێك كە هەموومان خۆمان بە یەكێتییە راستەقینەكان دەزانین، لەم دوایانە خەریكی دروستكردنی بەرەیەك بووین بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی یەكێتی. جارێ هەر ئەوەندە دەڵێم و لە داهاتوودا ئەگەر ئەم پیلانگێڕیە بەردەوام بێت، شتی زۆر زیاترمان بۆ گوتن هەیە.
براتان
عەتا سەراوی