
بەهۆی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی سوپای توركیاو بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان بە قووڵایی 15 كیلۆمەتر، زیاتر لە 160 گوندی ناوچەی بادینان لە دانیشتووانەكەی چۆڵكراون، رێكخراوی (CPT)یش هۆشداریی دەدات كە زیاتر لە 600 گوندی دیكە مەترسی چۆڵكردنیان لەسەرە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی ێكخراوی تیمەكانی دروستكەری ئاشتیی كۆمەڵگە (CPT)، لە مانگی رابردووەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەو ژمارەیەك بنكەی سەربازیی نوێی لەناوچەی بادینان دامەزراندووەو بە قوڵایی 15 كیلۆمەتر خای هەرێمی بەزاندووە.
رێكخراوەكە ئاشكرایكردووە، ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا كە ناوچەكانی بەرواری باڵا، باتیفا و ئامێدی گرتووەتەوە، بووەتە هۆی چۆڵكردنی 162 گوند لەدانیشتووانەكەی و زیاتر لە 600 گوندی دیكەش مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە.
هێزەكانی سوپای توركیا لەچەند ناوچەیەكی دەڤەری بادینان، بازگەیان داناوەو داوای ناسنامە لە هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكەن، بەپێی راپۆرتەكەی (CPT)، لەرۆژی 15ی مانگی رابردوو، سوپای توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و شەش گوندی ناوچەكە كردووەو بازگەیەكیشی لە نێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بلاڤێ جێگیركردووە، هاوكات حەوت بارەگای سەربازیی نوێیشی لەسەر لوتكەی چیای گوندەكانی كانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمكە، بلیجان، كۆركاو گرێ بی لە سنووری قەزای باتیفا دامەزراندووە، رۆژی 27ی حوزەیرانیش چوونەتە ناو گوندی دەرگەلێ موسا بەگی و دانیشتووانەكەیان ناچار بە چۆڵكردنی گوندەكە كردووە.
راپۆرتەكە باسی لەوەشكردووە، توركیا لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی، تائێستا 238 جار هێرش و بۆردومانی بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی و دارستان و رەزو باخی هاووڵاتیان سووتاون، كە زۆربەیان لەسنووری گوندەكانی قەزای ئامێدی بووە.
بەپێی ئەو ئامارەی كە رێكخراوی (CPT) بڵاویكردووتەوە، سوپای توركیا لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ، هەزار و 76 هێرش و بۆردومانی بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، پارێزگای دهۆك زۆرترین هێرشی كراوەتەسەر، كە 526 جار بووە، دوای ئەویش پارێزگای هەولێر دێت بە 405 هێرش و بۆردومان، سنووری پارێزگای سلێمانیش 135 جار هێرشی كراوەتەسەر