وەزارەتی شەهیدان: ناتوانین مەراسیمی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان بکەینەوە
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانیان راگەیاندووە، ناتوانن مەراسیمی ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان بکەینەوە.
مەهدی مستەفا توتمەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان دەڵێت، سەردانی وەزارەتی شەهیدانمان کرد بۆ ئەوەی مەراسیمی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان بکرێتەوە، بەڵام پێیان راگەیاندین ناتوانین مەراسیم بکەین.
وتیشی، بە ئێمەیان وت دەکرێت خۆتان تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کیمیابارانکردن دابنێن.
لەساڵی 1987 بۆ یەکەم جار حکومەتی ئەوکاتی عێراق چەکی کیمیاویی دژ بە گوندەکانی دۆڵی بالیسان بەکارهێناو ساڵی دواتر لەگەڵ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە جارێکی تر چەند گوندێکی ئەو دۆڵەی کیمیابارانکردەوە بەهۆیەوە سەدان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە.
تاوەکو ئێستا دەیان بریندار بەهۆی چارەسەرنەکردنیان گیانیان لەدەستداوە و چەندین برینداریش لە ژیانێکی سەختدان.
