نوێترین

recent

16/04/2024

جومانە غەلای: ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە و دواناخرێت



وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 16-4-2024 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق یەکەم نموونەی ئەزمونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و وتەبێژی کۆمسیۆنیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هیچ دواخستنێک لە بەرواری هەڵبژاردنەکاندا نییە".

 

ناوی کاندیدان دەنێردرێت
 

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بە میدیای رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاندوە:" پرۆسەی وردبینی لە ناوی کاندیدەکان بەردەوامە و ئەمڕۆ ناوی کاندیدەکان دەنێردرێن بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی لە بەغدا بۆ دڵنیابوون لە گونجاوی کاندیدەکان".

 

"کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق کاندیدێکی لە شاری هەولێر دورخستۆتەوە بەهۆی رادەستنەکردنی داتا و زانیارییەکانی لەوادەی خۆیدا"، جومانە غەلای وای وت.

 

هەڵبژاردن دواناخرێت
 

وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ئەوەش دەڵێت: "هیچ بڕیارێک بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن تا ئێستا لەئارادا نییە و کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لە 10-6-2024، ئەمڕۆش ئێمە یەکەمین پرۆسەی ئەزمونی ئەنجامدەدەین و دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە و پشتڕاستکردنەوەی، ئەنجومەنی کۆمسیاران پەسەندی دەکات و دەست دەکات بە دانانی ناوی کاندیدەکان لەسەر کاغەزەکانی دەنگدان و چاپکردنیان".

 

ئەوەش دەڵێت: "بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان نزیکەی مانگێک پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاری لەسەر دەدات کەچەنێک وادە دادەنرێت بۆ بانگەشە".

 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085