وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە 18ی ئەم مانگەوە حکومەتی عێراقی دەست بە دابەشکردنی موچە دەکات و بەو پێیە بێت، لە هەفتەی داهاتوەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەگات و دابەش دەکرێت.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند رۆژێکی دیکە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت، لە هەفتەی داهاتوش دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و لەو وادەیەشدا پارە بۆموچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێردرێت.
بۆ لەومەودوا کێشەی موچەی فەرمانبەران کۆتایی هاتوە
هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بێت بۆ لەومەودوا کێشەی موچەی فەرمانبەران کۆتایی هاتوە و دواناکەوێت، لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا دوپات کرایەوە کە کێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەرکراوە.
حکومەتی عێراقی بۆ سێ موچەکەی پار وەڵامی نەداوینەتەوە
ئەوەشی خستەڕو، داوایان لە حکومەتی عێراقی کردوە بۆ خەرجکردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردو، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراقی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەداونەتەوە.
