ڕابون مەعروف
ئەو کاتەی، لە پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی فراکسیۆنیی گۆڕانم ئەکرد، یەکێك لە ئەجێنداکانم، کۆتاییھێنان بو بە دوکانە سیاسییەکان و لە بناوانەوە وشککردنیان.
من ئەمزانی، سەرەڕای رەخنە توندەکانمان، لە پارتی و یەکێتیی، بەڵام ئەو دو حیزبە، نوێنەرایەتیی دو رەوت و تەوژمیی ناو بزوتنەوەی "رزگاریی" کوردستان/ کوردایەتییان ئەکرد. یەکەمیان، پارتی، لە دیدی منەوە سەرکردایەتیی کوردایەتیی کلاسیك ئەکات و دوەمیان، یەکێتیی، نوێنەرایەتی چەپی نەریتیی، ناو کوردایەتیی ئەکا. بۆیە، بۆ دەیان ساڵ، لە لوتکەی بزوتنەوەی کوردایەتی وەستاون و تا، جوڵانەوەیەکی رەسەن و راستەقینە، بە گوتارێکی مۆدێرن و پێشکەوتوترەوە، ئەو جوت حیزبە تێنەپەڕێنێت، ئەوان لە پێگەی ئێستایان ئەمێننەوە.
دوای پارتی و یەکێتی، جگە لە یەك دو حیزب، ئەوانەیتر، ھەمویان، یان ھەر لە بنەڕەتەوە وەك دوکانی سیاسیی سازکراون: بۆ نمونە، گروپ و پاشماوەکانی ھاوپەیمانیی، کۆمپانیای نەوەی نوێ، وردە گروپەکانیتر.. یان لە پرۆسەیەکی لەسەرخۆ، بونەتە دوکانی سیاسیی، بۆ نمونە، گۆڕان، سۆسیالیست، زەحمەتکێشان، بزوتنەوەی ئیسلامی،..
جەنگی ناوخۆی پارتی و یەکێتی و دواتر لێکەوتەکانیی ئەو جەنگە، زەمینەیەکی لەباری رەخساند، کە دوکانە سیاسییەکان، وەك گەنە و ئەسپێ، مشەخۆری لەسەر لاشەی کورد و دۆزە رەواکەی، یان ژان و ئازاری توێژە جیا جیاکانی کۆمەڵگە، بکەن.
دوکانە سیاسییەکان، بەسەر پارتی و یەکێتی و ھەندێکجاریش، دەزگا موخابەراتییە ھەرێمییەکان، دابەشبون. ئنجا، لە بەرامبەر پشتیوانیی پارتی و یەکێتی، یان ناوەند و دەوڵەتە ھەرێمییەکان، دوکانە سیاسییەکان، مانگانە بودجە و پارە، لە داھاتیی گشتی وەردەگرن.
لە پەڕلەمانیی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانیی پارتیی و یەکێتیی چەند جار پێشنیارم کرد: پێویستە، پێکەوە کار بکەین، بۆ کۆتاییھێنان بە قۆناغی جەنگی ناوخۆ و لێکەوتەکانی ئەو جەنگە. ھیوادارم، ھیچیتر پارتی و یەکێتیی بۆ ھیچ مەبەستێك دوکانی سیاسیی ساز نەکەن و پشتیوانیان مەکەن و بودجە و پارەی گشتی مەدەن بەو دوکانە سیاسیانە. لە بری ئەوە با پێکەوە، کار بۆ ئەوە بکەین، کورد و ئەم ئەزمونە حوکمڕانییە، بەرینە قۆناغیی حوکمیی قانون و دامەزراوە و شەفافیەت. دەرکردنیی قانونی بودجەی حیزبەکان، ھەنگاوێك بو بەو ئاراستەیە. بەڵام لە بەدبەختی کورد، لەبری ئەوەی پشتیوانیی بکرێین، کە بودجەی حیزبەکان بە قانون رێكبخرێت و بچێتە ژێر چاودێری دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و ئیتر بودجەی دوکانە سیاسییەکان کۆتایی پێبێت و ھیچیتر بودجەی حیزبەکان بۆ دەوڵەمەندکردنی کەسانێك و فشار و ئیبتیزازی سیاسیی بەکار نەیات، قانونەکە کەوتە بەر شاڵاوی رەخنەی بەشێك لە ئەکتیڤیستە گەمژەکان و چەند ناوەندێکی جاسوسیی ناوخۆیی و دەرەکی، کە دژی بە قانونیکردنیی بودجەی حیزبەکان بون! بەو جۆرە، قانونەکە پشتیوانی نەکرا و ھەرگیز جێبەجێنەکرا.
دوای جێبەجێنەکردنیی قانونی بودجەی حیزبەکان، وەك ھەمیشە، پارتی و یەکێتی، بە میزاج و ئارەزوی شەخسی، کێ تەسلیمیان ببێت و کڕنۆشیان بۆ بەرێت، لە سامانی گشتیی، بە نھێنیی یان بە ئاشکرا، بودجە و پارەی ئەخەنە بەردەست، بەڵام ھەر کەس و لایەنێك، لەگەڵ نەتەوە و خەڵك راستگۆ بێت، نەك ھەر بودجە و پارەی نادەنێ، بەڵکو لە کەناڵ و راگەیاندنەکانیشیانەوە، بایکۆتیان ئەکەن و ناویان ئەخەنە لیستیی رەشەوە.
جوڵانەوە و گروپەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، بەجۆرێك حیزب و سیاسەتیان کردوە بە ئامرازی بازرگانیی و بزنز، کە لە مێژوی ھاوچەرخی ناوچەکە نمونەی نییە. تەنھا دیقەت بدەن، دوکانێکی سیاسیی لە چەشنی نەوەی نوێ، تەنھا حیزبە لە مێژوی ھاوچەرخیی کورد، کە خاوەنەکەی، بە رستەیەك سەرکردایەتییەکەی ھەڵئەوەشێنێتەوە و دوکانێکی سیاسیی بێ سەرکردایەتیی، تاکە خێزانێك، پارە و دارایی و راگەیاندن و صەفەقاتیی بازرگانیی نھێنیی و ھەمو شتێکی ئەو دوکانە سیاسییە بەڕێوە دەبات و چەند کەسێکی داماوی تەمبەڵ و تەوەزەلی بێئیش، لە بەرامبەر موچەیەکی مانگانە، سەر ئەلەقێنن.
گۆڕان، کە سەردەمانێك ئومێدی دەیان ھەزار کەسی ئەم وڵاتە بو، ئێستا بە جۆرێك بوەتە دوکانی سیاسیی، کە لە کاتێکدا ھیچی نەماوە، بەڵام شەڕ و زۆرانبازییە لەسەر سەرۆکایەتیی لاشەیەکی مردو! لاشەیەکی مردو، کە ھیچی بۆ نەتەوەکەمان پێناکرێت، بەڵام ئەتوانێت ببێتە سەرچاوەی پارە و بژێوی کەسانێکی نزم و ناکەس.
لەم دواییانە، چەند دوکانێکی سیاسیی، بە پەلە پەل سازکراون، بۆ ئەوەی، لە رێگەیانەوە، دامەزرێنەرەکانیان، ببن بە پەڕلەمانتار! بەڵام، ئەو گروپانە بە جۆرێكی ئەوتۆ، ئامرازای بازرگانیی و دوکانی سیاسیین، کە دامەزرێنەرەکانیان، شەرم ئەکەن، لە ئەکاونتەکانی خۆیانەوە لە سۆشیال میدیا، ناوی حیزبەکانیان بڵاو بکەنەوە و پەیوەندی سیاسی و حیزبیی خۆیان بە رایگشتیی رابگەیەنن.
لە ئێستادا، بازرگانیکردن بە سیاسەت و سازکردنی دوکانی سیاسیی نەك کەمی نەکردوە، بەڵکو تەنانەت، پارتی و یەکێتی، دەستیان خستوەتە ناو ئەکتیڤیستەکان و بەشێکی زۆر لە ئەکتیڤیست و رۆژنامەنوسە ویژدان فرۆشەکانیان کڕیوە. دەیان ئەکتیڤیستیی ویژدان فرۆش، لە ناوە و دەرەوەی وڵات، تەنھا ئیش و کاسبی، کە دەیزانن و پارەی پێ کۆدەکەنەوە ،جوێندان و شاتە شات و راھێنانی خەڵك و رایگشتییە لەسەر جوێن و بە شەخسیی کردنی کێشە قوڵەکانی کورد و ئەزمونیی حوکڕانیی باشور.
جیاواز لە سەرتاپای دەستەبژێری سیاسیی، ئێمە و ھاوڕێکانی ئێمە، بڕیارمان داوە، ئەبێت ئەم قۆناغە لە سیاسەت و ململانێی سیاسیی جێبھێڵین. لە دیدی ئێمەوە، حیزب و جوڵانەوەی سیاسیی لە سەر خوانیی گوتاری تۆکمە و دیدەگای رۆشن، بۆ ئایندە، ساز دەکرێت، نەك شاتە شات و تەشھیر و جوێندان و پەرچە کردار بەرامبەر حیزبە دەسەڵاتدارەکان. ئێمە کەوتوینە سەر ھێڵی پێشخستنی گوتاری بەھاکانی دەوڵەت و شارستانێتی مۆدێرن، کە پێمانوایە ئەبێ نەتەوە و پێکھاتە جیا جیاکانی نەتەوەکەمان، بە دەوریدا کۆ ببنەوە، نەك پارچە پارچە ببن و دەست لەگەڵ دوژمنانی دێرینی کورد تێکەڵ بکەن و پەلاماری یەك بدەن و بەیەکا ھەڵشاخێن.
ئێمە جارێکیتر تەئکید ئەکەینەوە، کە ئەبێ ھەمو دەستەبژێری سیاسیی ئێستا، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیی ساختەوە، تێپەڕێنرێن و ئەم ئەزمونە سەرتاپا، لە بناغەوە، دابڕێژرێتەوە و رێکبخرێتەوە. ئێمە بەوە ئەڵێین، سەرتاپا بنیاتنانەوە!
ھەرچەندە، لە ناوەندەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیی ساختەوە، بە مەبەست، کار بۆ ئەوە ئەکەن، دەستەواژە و تێرمینۆلۆجیی ئێمە و تەوژمی ئێمە بشێوێنن و ئێمە وەك بەشێك لە حەشاماتی سیستەمی ئێستا وێنا بکەن، بەڵام، ئێمە نە لەو حەشاماتەین و نە بەشێکین لە ئەوان..
ئێمە، ھەم حیزبەکانیی دەسەڵات و ھەم جوڵانەوە وگروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ساختەمان جێھێشتوە و لە جێگە و شوێنێکیترەوە، بە گوتار و دیدەگایەکیترەوە: گوتاری بەھاکانیی دەوڵەتی مۆدێرن، خەریکی بیناکردنی نەتەوەیەکی مەزن و شکۆمەند و سەروەر و سەربەخۆین!
