خالید عبدالکریم زەنگەنە
وابڕیارە لەڕۆژانی داهاتوودا هەردوو بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەکارییەکانیان بۆ کردنەوەى لقەکانیان لەشارەکانى هەرێم دەستپێبکەن و بەشداربن لەپرۆسەى تەوتینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەدواى بانکەکانى تى بى ئاى و بانکى بەغداوە دەبنە چوار بانک.
گەرچى تائێستا دادگاى فیدراڵى هیچ ڕونکردنەوەیەکى نوێى لەسەر ڕەتکردنەوە یاخود پەسەند کردنى هەژمارى من نەداوە و پێشتر تەنها جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەبانکە فیدراڵیەکاندا موچەى هەرێم جێگیر بکرێت، بەڵام جموجۆڵە سیاسیەکان بۆ ڕازى کردنى پارتى بەرەو ئەوە دەچن هەژمارى من بکرێتە بەشێک لەپڕۆژەى تەوتین.
بەپێى زانیارییەکان، دەسەڵات لەسنورى یەکێتى پەلە دەکات لەپڕکردنەوەى فۆرمى هەژمارى منى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى و بۆ ئەو مەبەستە لەڕێگەى دامودەزگا حکومیەکانەوە لەگەرمیان داواى پڕکردنەوەى فۆرمەکە لەفەرمانبەران و مامۆستایان دەکرێت.
مەبەست لەو پەلەکردنە بۆ ئەوەیە تا بانکە عێراقیەکان دەگاتە ئێرە زۆرینەى فەرمانبەران ئەو هەژمارە پڕبکەنەوە و دواتر هەرێم فشار بکات هەڵنەوەشێتەوە و لەڕووى یاساییەوە ئەوە بسەپێنن هەڵوەشاندنەوەى هەژمارى من بکەوێتە دەستى فەرمانگەکان نەک مامۆستایان و فەرمانبەران خۆیان بتوانن هەڵیبوەشێننەوە.
