وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج نموونەی کارتی دەنگدانی بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراوە و ١٧٣ بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و حەوت بنکەی دیکەش بۆ دەنگدانی تایبەت ئامادە دادەمەزرێنێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاى یەکێتى وتووە، فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان چوار نموونەی کارتی دەنگدانی بۆ هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئامادەکردووە، هەروەها نموونەیەکیش بۆ هەڵبژاردنی تایبەت ئامادەکراوە.
وتەبێژى کۆمیسیۆن دەشڵێت: پاش پەسەندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە، ئەو نموونانە بۆ هەڵبژاردنەکان جێگیردەکرێن.
ئاماژەى بەوەشکرد، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و حەوت بنکەش بۆ دەنگدانی تایبەت لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دادەمەزرێنێت.
