نوێترین

recent

10/04/2024

پارتی: هەندێک تێبینی ئێمە جێبەجێ بکرێت بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین


بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم بە تابەتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردن نەچوەتە بەغدا، بەڵکو لەبەر ئەو رێککەوتنانە بوە کە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری لەبارەوە دراوە بەڵام جێبەجێنەکراوە، ئینجا پارتی مەبەستی ئەوە نییە کە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات، پرسەکە ئەوەی هەندێک تێبینی حزبەکە جێبەجێ بکرێت بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن.

شوان کەلاری بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاند، باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک بابەتێکی سەرەکی یا ئەجێندای بەرنامەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداد نەبوە، باس کراوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەوانەیە زۆر باس نەکرابێت لە کۆبونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک جوزئیات.

بابەتی هەڵبژاردن زیاتر پەیوەندیدارە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی هەڵبژاردن زیاتر پەیوەندیدارە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمەوە کە پێنج جار وادەی هەڵبژاردنی دیاریکرد، بەڵام چوار جاری پێشو لایەنی تری سیاسی ئامادەنەبون، ئێستاش زیاتر پەیوەندیدارە بەناوخۆی کوردستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان نەک بەغداد.

پارتی خۆی ئەندامی هەیە لەناو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە وردی ئاگاداری کاروبارەکانە

شوان کەلاری ئەوەشی خستەڕو، پارتی خۆی ئەندامی هەیە لەناو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە وردی ئاگاداری کاروبارەکانە، بەشێک لەو400 هەزارەی پارتی باسی دەکات پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی تر دەنگیان داوە و بەشێکی تریش ئەمساڵ تەمەنییان گەیشتوەتە دەنگدان، وە ئەوەی چۆن دەزانین ئەوانە ئەندام و دەنگدەری پارتین، ڕەنگە هەندێک کەس بڕوا نەکات کە پارتی سیستمێکی داتابەیسی پێشکەوتوی وردی ڕێکخستنەکانی خۆی هەیە کە وای بۆدەچم چەندین ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکرابێت.

ئەو 400 هەزارەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە سەرو 200 هەزارییان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتین

باسی لەوەشکرد، ئەو 400 هەزارەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە لە ڕێگای لێدان لەو داتا بەیسە دەرکەوتوە کە سەرو 200هەزارییان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتین، ئینجا ئەڵێن ئاوارەی سوری و ئێرانین، ئەوە بەشێکە لەو ئیرهابەی کە بەرامبەر پارتی دەکرێت لە ڕێگای ئەو بانگەشانەوە، 160هەزار لەوانە لەناو سلێمانین.

بۆ بابەتی موچە نێچیرڤان بارزانی چوەتە بەغدا

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی ئاشکراکرد، سەرۆکی هەرێم لەسەر ڕاسپاردەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چۆتە بەغداد تا قسە لەگەل سەرۆک وەزایران و هاوپەیمانێتی دەوڵەت بکات کە ئەو ڕێککەوتنەی کردویانە بۆ پێکهێنانی حکومەت هیچی جێبەجێنەکراوە، کە ئیتر بابەتی موچە چارەسەر ببێت بە تەواوەتی هەروەک لە بەیاننامەکەی مەکتەب سیاسی پارتیدا هاتبو.

سەرۆکی هەرێم بۆ بابەتی هەڵبژاردن نەچۆتە بەغدا

رونیشیکردەوە، سەرۆکی هەرێم بۆ بابەتی هەڵبژاردن نەچۆتە بەغدا ئەوە بابەتێکی بنەڕەتی سەردانەکە نەبو چونکە پارتی نەیوتوە هەڵبژاردن ناکەم یا بایکۆت دەکەم بەڵکو دەڵێت حازرم بۆ هەڵبژاردن بەڵام کۆمەڵێک تێبینیم هەیە ئەو تێبینیانە چارەسەر ببێت ئەوا پارتی حازرە بۆ هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردن ناترسێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085