دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سەلوان مۆمیكا پەنابەری عێراقی كە بە سووتێنەری قورئانی پیرۆز ناسراوە، لە سویدەوە بەرەو نەرویج رۆیشت، ئەمڕۆ دووشەممە لە چەند میدیایەكی عەرەبی هەواڵێكی هەڵبەستراو لەبارەی خۆكوشتنی مۆمیكاوە بڵاو كرایەوە.
چەند میدیایەكی عەرەبی هەواڵەكەیان بە ناوی سەرچاوەیەكی نەرویجی بڵاو كردەوە كە رۆژنامەی "ئافتن پۆستن"ی نەرویجیە، بەڵام لە راستیدا ئەم رۆژنامەیە دواهەمین بابەتی لەبارەی سەلوان مۆمیكاوە بڵاو كردبێتەوە، هەفتەی رابردوو بووە و لەبارەی رۆیشتنی سەلمانەوە بووە بۆ نەرویج، تا لەوێ داوای مافی پەنابەری بكات.
سەلوان مۆمیكا تا ئێستا لەبارەی ئەم هەواڵەوە هیچی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە ئەو بەر لە پێنج رۆژ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس رای گەیاند كە بە ناچاری وڵاتی سویدی بەجێ هێشتووە، چونكە دادگای سوید بڕیاری دەركردنی و گەڕاندنەوەی بۆ عێراقی دابوو.
