بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێم بکات و بەدواداچوون بۆ خەرجی و داهاتى ساڵی رابردوو بکات، بەپێى زانیارییەکان بەغدا تا هەموارى بودجە مانگانە ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.
هاوکات، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێدانی قەرز بە هەرێم چارەسەرێکی کاتییە تا کاتی چارەسەرکردنی یەکجاریی قەیرانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. وتیشی، " ئومێدەوارین دانیشتن هەبێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ هەمواری یاسای بودجە، بەڵام دەبێت قەرزەکانى پێشوو پاکتاو بکرێن".
باسی لەوەش کرد، بە ئەگەریکی زۆرەوە لەم هەفتەیە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە شاندەکە دەگەنە هەولێر و دەست بە کارەکانیان دەکەن و چارەنوسی سێ موچەی کۆتایی ساڵی رابردووش لەگەڵ وردبینییەکدا یەکلایی دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەرێم چاوی لەوەیە لە هەمواری یاسای بودجەدا پشکەکەی لە خەرجی راستەقینە دەربهێنرێت، یان هیچ نەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە ناو خەرجی حاکیمەوە، بەوپێیەی لە ئێستادا لە بەغداوە نیەتیک هەیە تا ناردنی پارە بۆ هەرێم بەردەوام بێت و کێشە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، عەلی شەداد ئەندامى لیژنەى نەوت و وزە لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رازییە، بە مەرجێک هەرێم لیستی مووچەی راستەقینە بۆ بەغدا بنێرێت. وتیشی، "حکومەتی عێراق بەتەواوی دژی پێنەدان و دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی کاربەڕێکەر بە قەرز چووە ساڵی ٢٠٢٤ـەوە و مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ـی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی نەداوە.
