لە ڕووی دیبلۆماسی و ئایدۆلۆژییەوە ئەو بەرەیە خەریکی ئەوەن کۆمەڵگاو حیزبی کوردی شەق بکەن و ھێڵی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بەرەی مەترسیداریان تێدا دروست بکەن و تەنانەت لەڕووی جوگرافیای سیاسی درۆنیشەوە ئەوەیان ساغکردۆتەوە.ئەو ڕوانگەو بەرەیە شاری سلێمانی وەک قوڵایی ستراتیژیی تاران و بەغدادو درێژکراوەی کەرکوکی ئێستا تەماشا دەکەن، واھەست ناکەن مۆڵگەی مۆسادو ھەواڵگریی ئەمریکی تێدابێت و دژیی ئێران و وەلائیەکان بن، بەڵام ھەولێر جیاوازتر دەبینن وەک مەتبەخ و قوڵایی ئەمریکی، وێنای دەکەن، بەو دیدە جەھەنمیەوە ھەرێمی کوردستانیان لە باری ئیداری و جیۆسیاسییەوە کردوە بە دوو قاژەوە، ماوەیەکیش لە ڕێگەی وەکیل و پرۆکسیەکانیانەوە بەناوی جیاکردنەوەی ھەرێمی سلێمانی و ھەڵەبجەوە خەریکی ئەو بەندوباوە بوون و بۆیان نەچوەسەر.
لەپەلامارە مووشەکیەی شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ کە کرایە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی ھەولێرو ڤێلایەکی مەدەنی تا درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی شەوی ٨-٦-٢٠٢٢ی سەر ڕێگای سەرەکی ھەولێر - پیرمام کە قوربانیی لێکەوتەوەو دواتریش دەیان جار دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردەیە، تا ڕوداوی دڵتەزێنی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی سلێمانی لەئێوارەی ١٨ ئەیلولی ٢٠٢٣ تا ھێرشە درۆنیەکەی ئەمشەوی ڕابردووی پێگەیەکی سەربازیی پێشمەرگە لە ھەولێر ٣١-١٢-٢٠٢٣ ئەوە یەکەم جارە حکومەتی ھەرێم- ھەولێر بەفەرمی و بەو تۆنە توندە، عێراقی فیدڕاڵ تۆمەتبار بکات لەسەر ھێرشەکان و بەرپرسیاریەتەکەی بخاتە ئەستۆیان وەک لە بەشێکیدا دەڵێت؛ (ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بودجەو مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە ھاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و ھێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان)
دیارە ھێشتا عێراقیەکان نایانەوێ بەیاسا ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوەو ناگەڕێنەوە بۆ وەرەقەو دیباچە دەستووریەکان و سنورێک بۆ ئەو پاشاگاردانییەی گروپە چەکداریەکان و دەوڵەتانی جیرانی دژە ھەرێم دابنێن، بۆچی؟ چونکە خۆیان بەشێکن لەو ئەجێندا سیاسییە دژی ھەرێم و بوونەتە مەتبەخی گەرم و حەوشەی پشتەوەی درۆنەکان.
