وەڵامێک لە مەڵبەندی (٣)ی یەکێتییەوە بۆ کاک مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا
دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن ئەنجومەنی پارێزگاکان، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاوەڕوان بووین سەرجەم هێزو لایەنە کوردستانییەکان بەیەکەوە گفتوگۆ بکەین بۆ بەشداری لە حکومەتە خۆجێیەکان، بەڵام بەداخەوە لەئێستاوە چەند دەنگێکی نەشاز دەبیسترێن و دەیانەوێ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە ئاقارێکی تر ببەن و خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن.
بەداخەوە کاک مەریوان جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەنگێکی یەکجار ناشازە، کە چەندین جارە دەیەوێ بە قسەی بێ بنەما شکستەکانی خۆیانی پەردەپۆش بکەن .
ئێمەش لەرێگەی ئەم راگەینراوەوە دەڵێین:
ئەنجامی دەنگەکان سەلماندی کە قەبارەی یەکێتیی لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکان چەندە گەورەیەو خەڵکی تریش قەبارەیان چەندە، ئێمە باش دەزانین کاک مەریوان و حزبەکەی ترسیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەو ئەم شکستەی ئەوان و سەرکەوتنەی یەکێتیی سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە دووبارە کوردستانیان متمانە بەو هێزە دەبەخشنەوە کە شۆڕشی هەڵگیرساندەوەو راپەڕینی ئەنجامدا.
لەوەش باش تێدەگەین کە مەریوان قەرەنی و هاوئاوازەکانیان دەیانەوێ دەستی چەوری شکستی خۆیان بە خەڵکی تر بسڕنەوەو بوختان دروست بکەن، ئەگەرنا خۆیان باش دەزانن بەرهەمی حوکمڕانی و خەڵک چەوساندنەوەکەیان هەر ئەم شکستانەیەو چیتر خەڵک ئامادە نییە متمانە بە هێزێک بکات کە تەنها کاریان تەخوین کردنی بەرامبەرو چەوساندنەوەو نەدانی مووچە بێت.
لەکۆتاییدا هیوادارین چیتر هەڤاڵانی پارتی کورد و کوردستان نەکەنە قوربانی عینادی خۆیان، واباشترە کاک مەریوان لەبری ئەم قسە سوواوانە خەمێک لە حزبەکەی بخواو لەخۆیان بپرسێ ئەرێ بۆ خەڵک ئێمەی ناوێت.
د. مەجید حەمەدەمین
لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی هەولێری
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
