ئەمڕۆ شەممە، نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا كۆبونەوەو تێیدا یاداشتێكیان پێشكەشی سودانی كرد كە چەندین داواكاری لەخۆدەگرێت لەوانە: گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر عێراق و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم.
غالب محەمەد عەلی، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بەهەوڵی خۆی و د. یوسف محەمەدو یوسرا رەجب، توانیویانە دیدارێك بۆ نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرن.
بەپێی قسەی غالب محەمەد، نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی كۆبونەتەوەو یاداشتێكیان پێشكەشی كردوە كە چەندین داواكاری لەخۆگرتوە لەوانە، گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێ بۆ سەر عێراق و وەرگرتنی موچە لەڕێگەی بانكە عێراقییەكانەوە، كردنەوەی لقی بانكی رەشیدو رافیدەین لە هەرێم و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
لەلای خۆیشییەوە د. یوسف محەمەد لە راگەیەندراوێكدا سوپاسی عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمەی كردوە كە بەدەم داواكارییەكییانەوە هاتوە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و وتوشیەتی، ئەمڕۆ كۆبونەوەكە ئەنجامدراوە.
