نوێترین

recent

17/09/2023

پارتی کاتی هێرشکردنە سەر پەکەکەی ئاشکرا کرد و داوای چۆڵکردنی ناوچەکە دەکات

 


پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا  لە برادۆست ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر گەریلا و بە ناوی پاسەوانی سنوورەوە هێزێکی زۆریان بە چەکی قورسەوە بردووەتە ناوچەکە و تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیە مۆڵەتیان بە خەڵکی ناوچەکە داوە، کە چۆڵی بکەن و پێیان وتوون شەڕ ڕوو دەدات، بەم هۆیەوە نزیکەی دوو هەزار خێزانی ناوچەکە ناوچەکانیان چۆڵدەکەن و ئاوارەبوون.

هێزەکانی پارتی لە ١٣ـی ئەم مانگە لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان کە لیواکانی سەر پارتین، بە زیاتر لە ٢٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و زیاتر لە هەزار چەکدارەوە بەرەو کوێستانەکانی برادۆست ڕۆستن و جێگیربوون ..

هێزەکانی پارتی کە سەر بە پاسەوانی سنورن و لە ژێر ئاڵای عێراقدا و زیاتر فەرمان لە تورکیاوە وەردەگرن دەیانەوێت شەڕ لەو ناوچانە هەلگیرسێنن بە مەبەستی ئەوەی لایەکی دیکەی شەڕ بۆ گەریلا بکەنەوە و عێراقیش پەلکێشی ئەو شەڕە بکەن کە پارتی و تورکیا مەبەستیانە ، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا زاگرۆس هیوا ووتە بێژی پەیوەندیەکانی کۆماچڤاکین کوردستان کەجەکە ئەوەی بۆ دەزگای میدیایی ئیرادە پشت ڕاست کردەوە

هەر ئەمڕۆش هەڵگور نەجیب، سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەدەم دۆخی ناوچەکەوە بێن و رێگە بە روودانی شەڕ نەدەن.
وتیشی “چەند رۆژێکە ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و هێزەکانی پەکەکە لە سنوری سیدەکان هەیە و ئەگەری پێکدادانی فراوانی سەربازیی لەئارادایە”..

 سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن پێکدادانی نێوان هەریەک لەو سوپایەی پارتی کە وەک پاسەوانی سنور خۆیان دەناسێنن بە هاوکاری دەزگای میتی سەربە تورکیا لە بەرامبەر گەریلا لەو سنورە،  لە ئان و ساتدایە

بۆ ئەو مەبەستە شەوی ڕابردوو نزیک کاتژمێر ١٠:٠٠ـی شەو، هێزەکانی پارتی لە ڕێگەی موختار و ڕیش سپی و سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە، کۆچەریی و جوتیار و گوندنشینانی کوێستانەکانی برادۆستیان ئاگادار کردووەتەوە، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی نزیکن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیاوە، کە بە زووترین کات چۆڵی بکەن چونکە شەڕ ڕوودەدات..

زانیاریەکان باس لەوە دەکەن پارتی تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیەی دیاری کردووە بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە، کە هەموو کوێستانەکانی ( کێلەشین، شەکیف، خواکورک، بەربزین، بۆڵێ، هۆرنێ) دەگرێتەوە و کە نزیکەی دوو هەزار ماڵ و خێزانی تێدا دەژین، تەنها لە کێلەشین نزیکەی ٥٠٠ ماڵ دەژین، زۆرینەیان کۆچەرین و ئاژەڵدارن و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە گەرمەکان و جوتیارەکانیش سەدان دۆنم زەوییان داچاندووە بەڵام ناچارکراون کە چۆڵی بکەن و جێیبهێڵن.

لەگەڵ ئەو ئاگادار کردنەوەدا پارتی بە ڕوونی پێی وتوون تا کاتژمێر٠٤:٠٠ـی ئەم ئێوارەیە مۆڵەت هەیە و دەبێت چۆڵی بکەن، لەوە بەدوا هەموو ڕێگاکان دادەخرێت، چونکە شەڕ دەست پێدەکات و ناوچەکە تۆپباران و بۆردوومان دەکرێت، ئەو ناوچانەش بەشێکیان دەکەونە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە گەریلاکانی ئازادیی دەیانپارێزن و بەشەکەی تریشی زۆر نزیکە لە هەرێمەکانی گەریلاوە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085