بەغداد داوای رادەستكردنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەكات
"گومانی لە ئیدارەدانیان هەیە"
حكومەتی عێراق داوای رادەستكردنی فڕۆكەخانەكان و دەروازەی سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، " گومانی لە ئیدارەو ئەمنیەتی فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنورییەكانی هەرێم هەیە".
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاندوە : لە ئێستادا حكومەتی عێراق داوای فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەیەوێت لەرووی ئیداری و ئەمنیەوە لەبەردەستی هێڵی فڕۆكەوانی عێراق وئەمنی نیشتمانی عێراقیدا بێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا عێراق گومانی هەیە لە ئیدارەدان و ئەمنیەوە، پێیان وایە فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان، چەندین مامەڵەو باری گوماناوی لێوە هاوردەو هەناردە دەكرێت.
ئەوە سەرەرای ئەوەی فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان فیدراڵین و بەغداد پێی وایە دەبێت خۆی سەرپەرشتی و ئیدارەی بدات.
لە ئێستادا نەوت و بودجەو موچەو هەڵبژاردن و داهاتی ناوخۆ و چاودێری دارایی و تەواوی ئەو فایلانە رادەستی بەغداد كراوەو چاوەڕوان دەكرێت بەغداد تەواوی دامەزراوە فیدراڵیەكانی هەرێم كۆنترۆڵ بكاتەوە ئەوانیش ( فڕۆكەخانە، دەروازە سنورییەكان، بەنداوەكان، نشینگەو پاسپۆرت و پاسەوانی سنور....)
