كۆماندۆی كوردستان روونكردنەوە لەبارەی رووداوی تەقەكردنەكەی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەدات كە بەهۆیەوە كەسێك بریندار بوو.
لەو روونكردنەوەیدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، هێزی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاندووە، چەكدارێكی نەناسراو لەنزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێك دەكات و كەسێك بریندار دەكات، لەوكاتەشدا كارمەندێكی هێزەكانی كۆماندۆ لەشوێنی ڕوداوەكە دەبێت و دەیەوێت ڕێگری لە تەقەكەرەكە بكات، بەڵام كەسی تەقەكەر ڕووبەڕووی كارمەندەكەی كۆماندۆش بووەتەوە و تەقەی زیاتری كردووە، بۆیە لەلایەن ئەو كارمەندەی هێزی كۆماندۆوە كەسی تەقەكەر چەككراوە و چەكەكەی لێسەندراوە دواتر تا هێزە ئەمنییەكان دەگەنە شوێنی ڕوداوەكە ئەو كەسە بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێت.
لە بەشێكی دیكە روونكردنەوەكەدا هاتووە، لەئێستادا ئەو چەكەی كە لەلایەن تۆمەتبارەكەوە تەقەی پێكراوە، لەبەردەست هێزەكانی كۆماندۆدایە و هێزە ئەمنییەكانیش سەرقاڵی دۆزینەوەی تۆمەتباری ڕووداوەكەن.
هێزی كۆماندۆی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو روداوە دوورو نزیك پەیوەندی بەكارمەندەكەی هێزی كۆماندۆوە نەبووە و تەنها وەك ئەركێكی ئەخلاقی و پیشەیی، رێگری لە ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە كردووە.
