نوێترین

recent

19/02/2023

گەڕان بەدوای نیشتمان



سەرتیپ جەوهەر


🔻 چی لەو راپرسیە بكەین كە لەكەركوك لە 51.5% كورد دەنگیان لەدژی سەربەخۆیی كوردستانداوە!
🔻 ئەگەر كەسێك لەسەر خاكی خۆی ئاو خۆراك و ئاسایشی دەستنەكەوێت، بێگومان بەدوای بەدیلیدا دەگەڕێت!
🔻 ئەوروپاو ئەمریكا پێیانوایە بەشێك لەدەسەڵاتداران بوونەتە بەشێك لەئەجێندای ئیقیلیمیی، بۆیە دەیانەوێ‌ دەریچەیەك بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوە ببیننەوە
🔻 هێزێكی سەربازیی نیشتیمانیی نییە، ئەو هێزەی هەیە هێزی حزب و سەرۆك و مەكتەب سیاسیەكانە
🔻 دەسەڵاتداران لەوەناگەن كە دەسەڵاتدارێتی بەترساندن و پارە بەخشینەوە ناكرێت، هیچ حوكمڕانیەك نەڕوخاوە لەبەرئەوەی دادپەروەرو بووبێت
🔻 دەبێ‌ چاوەڕێی گۆڕانێكی گەورە بین لەهەرێم كە من پێموایە نزیك بۆتەوەو هیچ دەرفەتی دواخستنی نەماوە.

 
🔹 گەڕان بەدوای نیشتیمان
.
سەرتیپ جەوهەر

هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی ئێجگار خراپدا تێدەپەڕێت. هۆكارەكانی مانەوەو گەشەكردنی زۆر لاوازبووە. هەم لەناوخۆ دەسەڵاتدارێتیەكەی لەنگ و ترازاوە، هەم وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا گەلێك لەم دۆخە ناڕازین. پێیانوایە بەشێك لەدەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بوونەتە بەشێك لەئەجێندای ئیقیلیمیی، بۆیە دەیانەوێ‌ دەریچەیەك بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوە ببیننەوە، دەبێ‌ چاوەڕێی گۆڕانێكی گەورە بین لەهەرێم كە من پێموایە نزیك بۆتەوەو هیچ دەرفەتی دواخستنی نەماوە.
من نازانم ئەم هەرێمە دەمێنێت یان نا، وڵامی ئەو پرسیارە لای دەسەڵاتدارانە. ئەوان كارێكیان كردووە خەڵك سەد خۆزگە بەكفن دز بخوازێت. ئەمانە دەرچەیەك هەناسەیەكیان بۆ خەڵك نەهێشتۆتەوە تا ئومێدێكی لەسەر هەڵچنن! ئەوە 32 ساڵ تێپەڕی بەسەر ئەم قەوارەیە، كەچی پەرلەمانەكەی وەك كەلاوەیەو ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵك بكات و وەك مەكتەبەكەی میستەری لێهاتووە، حكومەتەكەیشی (دەسەڵاتدارێتی)ی حزبەو لەسەر بنەمای مەحسوبیەت و مەنسوبیەت مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی دەكات. كەس نازانێت داهاتی ئەم وڵاتە چەندەو خێروبێری ئەم وڵاتە چی بەسەردێت. تائێستا هێزێكی سەربازیی نیشتیمانیی نییە، ئەو هێزەی هەیە هێزی حزب و سەرۆك و مەكتەب سیاسی و دەستڕۆیشتووەكانە. ئەو دامەزراوەی (ئاسایش)ەیشی هەیە، تەواوی ئەندامانی حزبین، وەك دامەزراوەیەكی حزبیی و لەچوارچێوەی سیاسەت و ئەجێندای حزب هەڵسوكەوت دەكەن.
سەبارەت بەو راپرسیەی باسی لێوەدەكرێت و لەرۆژنامەی سەباحی عیراقی باسكراوە، كە من پێموایە بەتێگەیشتنێكی شۆڤینی و مەبەستێكی دیاریكراو بڵاوكراوەتەوە، بەڵام هەقیقەتێكی تاڵە، رۆژانە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەی خەڵك بەرامبەر قەوارەی هەرێم و چارەنوسی خۆیان توڕەیی و كاردانەوەی خۆیان دەردەبڕن، هەق بوو دەسەڵاتداران لەبری وڵامی نامەنتقی، كاربۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك بكەن، تا خەڵك نیشتیمانی خۆی خۆش بوێت. خەڵكی كوردستان لەنیشتیمانی خۆیان بێزار نین، بەڵكو لەدەسەڵاتداران بێزارن. بەدڵنیاییەوە مرۆڤ بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت بۆ باشتربوونی ژیانی خۆی. ئەگەر كەسێك لەسەر خاكی خۆی ئاو خۆراك و ئاسایشی دەستنەكەوێت، بێگومان بەدوای بەدیلیدا دەگەڕێت! بۆ مرۆڤ ئەو شوێنە نیشتیمانە كە ئاو و خۆراك و ئاسایشی دەستكەوێت. ئەی چی لەو راپرسیە بكەین كە دەزگای ستاندارد لەكەركوك بەر لەچەند هەفتەیەك كردی و لەوڵامی پرسیارێك كە ئەگەر راپرسی بكرێتەوە دەنگ بەسەربەخۆیی كوردستان دەدەیت؟ لەوڵامدا لە 51.5%ی كورد بەنەخێر وڵامیان داوەتەوە؟
گرفتی گەورەی دەسەڵاتدارانی كوردستان، لەوەناگەن كە حوكمڕانی و دەسەڵاتدارێتی بەترساندن و بەخشینەوەی پار (ترهیب و ترغیب) ناكرێت، بەدرێژایی مێژوو هیچ حوكمڕانیەك نەڕووخاوە لەبەرئەوەی دادپەروەرو رەشید بووبێت، بەڵكو هەمیشە دەسەڵاتدارێتی بەهۆی زوڵم و ستەمكاریی و نادادپەروەریی و گەندەڵییەوە رووخاوە. ئەزموونی هیتلەرو مۆسۆلۆنی و عیدید ئەمین و قەزافیی و دەیان و هەزارانی وەك ئەوان لەبەردەستە. بەدبەختی ئەم میللەتە لەوەدایە كە هەم دەسەڵاتی گەلێك خراپە، هەم ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بوو لەدەسەڵات خراپتر دەرچوو، كورد وتەنی "حەیای تكا" بۆیە خەڵك متمانەی بەكەس نەما.
ئەوەی ئێستا لە لەهەرێم هەیە دەسەڵاتدارێتیە نەك حوكمڕانیی بەمەفهومی فەلسەفەی حوكمڕانیی دامەزراوەیی، لەهەمووی خراپتر ئەو دابەشبوونە ئیقلیمیەیە كە دەسەڵاتدارانی هەرێمی بەسەردا دابەشبووە بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی هاوكێشەی نێودەوڵەتیی و بەرژەوەندی وڵاتانی گەورە كە هەر ئەوانن پارێزگاری لەم قەوارەیە دەكەن و رایانگرتووە! من دڵنیام هەر خۆیشیان دەتوانن گۆڕان لەناوچەكە دروستبكەن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085