
بریارە لاھور شێخ جەنگی، تانە لە بریارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بدات، چونکە کاری بە نوسراوێکی نایاسایی کردوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بە پشت بەستن بە بریارێکی دادگای سلێمانی، ئامادە نەبوە داواکار لاهور شێخ جەنگی پەسەند بکات و وەک ھاوسەرۆکی یەکێتی بیناسێنێت.یەکێتی لە رێگەی بەرێوبەرێکی خۆیەوە کە بەرێوبەری کۆمەڵەکانە لە وەزارەتی ناوخۆ، بە نوسراوێک لە ٦/١٠/٢٠٢٢ رەوانەی دادگای بەرایی سلێمانی کردوە و تیایا رایگەیاندوە کە مۆڵەتی یەکێتی بەناوی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئێستای یەکێتیەوەیە، بەڵام وەزیری ناوخۆ لەسەر ئەو نوسراوە ھۆشداری داوەتە بەرێوبەرەکەی یەکێتی بەناوی ھەڵۆ قەرەناوی و لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکھێناوە، چونکە بۆی نییە راستەوخۆ نوسراو بۆ ھیچ دامەزراوەیەک بکات.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە لاھور شێخ جەنگی بە ئاژانسی وڵاتی "ی راگەیاند: ھەر سبەینێ واتە رۆژی پێنج شەممە تانە لە بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەدەین، چونکە ئەو بریارە بە پشت بەستن بە نوسراوێکی دادگای سلێمانی و لەژێر فشاری بەرپرسانی ئێستای یەکێتیدا دراوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە: کۆمسیۆن بە دابەشکاری حزبی دانراوە بۆیە بافڵ تاڵەبانی فشاری زۆری خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی کۆمسیۆن لە بەرژەوەندی ئەو بڕیار بدات، بەڵام ئەگەری زۆرە کە کۆمسیۆن لەدوای تانەکە، لەو بڕیارەی پاشگەز بێتەوە، چونکە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم بە رەسمی دانی بە ھاوسەرۆکایەتی لاھور شێخ جەنگیدا ناوە.