
لە شاری سلێمانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و ڕاهێنەر دەستەی کارگێڕی و سەرجەم یاریزانانی یانەی نەورۆز کۆبوومەوە،
سەرباری ئەوەی کە ئەنجامەکانی یانەکە لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانیدا نەبووە، دەستخۆشیم لە هەوڵەکانی یانەی نەورۆز کرد لە ڕابردوودا، داوام لێكردن کە زیاتر خۆیان ماندوو بکەن تا بتوانن لە کێبڕکێکانی داهاتوو ئاستێکی بەرزتر پیشانبدەن و بە گیانێکی وەرزشکارانە بەشداریی پاڵەوانێتییەکان بکەن و نازناو و سەرکەوتن بۆ خۆیان و هاندەرەکانیان و پارێزگای سلێمانی تۆمار بکەن.جەختمانکردەوە کە ئەو کەموکورتییانەی لە ڕابردوودا هەبووە، بەهۆی کەمتەرخەمیی سەرپەرشتیار و دەستەی کارگێڕی و ڕاهێنەرانی یانەکە نەبووە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی یاریگاوە بووە کە بەداخەوە ساڵی ڕابردوو نەتوانرا ئەو یاریگا نێودەوڵەتییە تەواو بکرێت، ئەوەش وەک هەموو بوارەکانی تر وەرزش تێکەڵ بە سیاسەت کراوە، لایەنی پەیوەندیدار هاوکار و پاڵپشتی ئەو یانەیە نەبووە کە تاکە نوێنەری ئەم دەڤەرەیە بۆ خولی نایابی عێراق، لە کاتێکدا کە هەر سێ یانەی بەشدار لە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێم و یەکەی بەڕێوەبردنی شارەکانیانەوە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پاڵپشتی دەکرێن، تەنیا یانەی نەورۆز نەبێت کە هیچ جۆرە هاوکارییەک نەکراوە.