ئەو خانووە تەواونەكراوانەی دەكەونە سنووری شارەكانەوە تاپۆدەكرێن و بەپێی بڕیارەكە، خانووی بێسەقف و بناغەش دەگرێتەوە.
ئەنجومەنی تووەسپی لە رێگەی ئێستاوە داوای لە هاوڵاتییان كرد پەلەنەكەن لە پێشكەشكردنی مامەڵەكانیان، بەو پێیەی رۆژانە لە شارەوانی 15 مامەڵە راییدەكرێن و پرۆسەكە پێویستی بە كاتە و لەو رووەوە ئاشكرایكرد، “هەر كەسێك مامەڵەی تاپۆكردنی خانوو و هەیكەل پێشكەشبكات، لە دادنووس بەڵێننامەی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی كەس موڵكی هاوڵاتییەكی دیكە لەسەر خۆی تاپۆناكات”.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بەدەستیهێناون، لە قۆناغی سێیەمدا زەویی هاوڵاتییان تاپۆدەكرێن، ئەنجومەنی گەڕەكی تووەسپی زانیارییەكەی پشتڕاستكردەوە و جەختیكردەوە، “لە پاش تەواوبوونی مامەڵەی خانووە ھەیکەلەکان، لە قۆناغی سێیەمدا مامەڵەی زەوییەکانیش بە ھەمان شێوەی خانوو و ھەیکەلەکان جێبەجێدەکرێت و مافی هیچ كەسێك نافەوتێت” و هۆشداری دا لەوەی هیچ هاوڵاتییەك نەكەوێتە ژێر كاریگەریی پڕوپاگەندەی ئەو كەسانەی كە وەك خۆی وتی، “بۆ مەرامی تایبەتی دەیانەوێت زانیاریی نادروست بڵاوبكەنەوە و زەوی و موڵكی هاوڵاتییانی هەژار بە هەرزان بكڕن”.
