نوێترین

recent

25/12/2022

بانکی رافیدەین مەرجێکی بۆ فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە هاوڵاتیان راگەیاند

 بانکی رافیدەین رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بە راستەوخۆ لە بانکی رافیدەین دۆلار بکڕن و ماستەر کارد یان ڤیزە کاردیان نیە و مووچە حکومییەکانیان لە بانکی رافیدەین وەرناگرن و بەمەبەستی گەشتکردن پێویستیان بە کڕینی دۆلارە دەتوانن بە چەند رێکارێک بڕی ١٠ هەزار دۆلار لە بانکەکە بکڕن.



بانکی رافیدەین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشتی دەروەی وڵات بکەن و پێویستیان بە دۆلارە دەتوانن سەردانی یەکێک لە لقەکانی بانکەکە بکەن و بڕی ١٠ هەزار دۆلار لە بانکەکە بکڕن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار لەرێگەی دروستکردنی ماستەرکاردێکی تایبەت بەو هاوڵاتییە دەبێت و پێویستە پاسپۆرت وبەڵگەنامەکانی دیکەی لەگەڵ خۆیدا بهێنیت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهای ١٠٠دۆلار لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم تاوەکو نزیکەی ١٥٥ هەزار و ٤٠٠ دینار بەرزبووەوە ، لە کاتی داخسنی بازاڕدا بۆ ١٥٤ هەزار و ٣٥٠ دینار دابەزی .

بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق رێکاری دابەزاندنی نرخی دۆلاری گرتووەتە بەر بۆ نرخی دیاریکراوی خۆی کە بە ١٤٦ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک دیاریکراوە.

بەرزبوونەی نرخی دۆلار لە کاتێکدایە، لەکاتی دەستبەکاربوونی حکومەتی سوودانی بانگەشەی دابەزاندنی بەهای دۆلاریان دەکرد بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام زیاتر لە نرخی خۆی کە بانکی ناوەندی بە ١٤٦ هەزار و ٥٠٠ دینار دیاریکردووە بەرزبووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کاتێک پارەی یەدەگی نەختینەی دۆلار لە عێراق نیوەی بڕی ئێستا بوو کە نزیکی ٥٠ ملیار دۆلار بوو، نرخی دۆلار ١٢٠٠ دینار بوو، ئێستا نەختینەی یەدەگ ٨٥ ملیار دۆلارە و بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکردووە تا کۆتایی ئەمساڵ ٩٠ ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات کە بە نزیکەیی دوو ئەوەندەیە.

بەڵام لە بەرامبەردا، نرخی دیناری عێراقی زۆر دابەزیوە کە ئەمەش پێچەوانەی هەموو یاسایەکی ئابورییە کە دەبێت، لە کاتی بەرزبوونەوەی یەدەگیی نەختینەییدا نرخی دراوی وڵاتەکە بەرزببێتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراق و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە، بۆ نەبوونی دەوام و نەخستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دراوەکە.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085