نوێترین

recent

22/10/2022

ئەدهەم بارزانی بەفەرمی بارەگاکەی دەباتە سلێمانی



بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتییەکان شانازی بە شەهیدبوونیانەوە دەکەن لەپێناو کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە شێخ ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی، کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد.

لە دیدارێکدا کە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێم ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی، دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کرا لەپێناو پارێزگاریکردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد.

لە دیدارەکەدا شێخ ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی نیگەرانیی خۆی بۆ شەهیدبوونی نەقیب زوبێر و برینداربوونی فەرماندە ئاکام عومەر و ژمارەیەک هاوسەنگەری دەربڕی و ئامانجی سەردانەکەشی بۆ سلێمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، دەمەوێت لە سلێمانی بارەگایەک بکەمەوە و درێژە بە کاروبارەکانم بدەم.

لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی پەرۆشی شێخ ئەدهەمی کرد و وتی، فەرماندەکانی یەکێتی کوڕی رۆژی تەنگانەن و هەمیشە لەبەرەی پێشەوەی جەنگدا بوون، سڵیان لە هیچ نەکردووەتەوە و بەخوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە. یەکێتییەکان شانازی بە شەهیدبوونیانەوە دەکەن لەپێناو کوردستان نەک راکردن و هەڵهاتن لە مەترسییەکان.

لە درێژەی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی کرد و رایگەیاند، پاڵپشتی ئەم هەنگاوە نوێیەتان دەکەین و سلێمانی شاری هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزوێنەری ئەو رەوتە رۆشنبیری و دیموکراسییەی سلێمانییە و هیچ کەسێک لەم شارە میوان نییە، بەڵکو ماڵی هەموو کوردێکە. بە درێژایی مێژوو سلێمانی لانکەی بیری سیاسیی جیاواز بووە و تاکڕەوی رەتکردووەتەوە، ئەمەش باوەڕی سەرۆک مام جەلال بووە و ئێمەش درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە نیشتمانییە دەبین.


Picsart-24-02-23-21-31-09-085