نوێترین

recent

02/10/2022

شاسوار عەبدولواحید: وەزارەت و حکومەت وتویانە ئێمە بۆ عەقڵمان بەو رێگایە نەشکاوە کە شاسوار باسی کردووە؟

 


دوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە دەڵێت، "پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستیپێکرد، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "ئەمرۆ وەزارەت و حکومەت وتویانە ئەوە ئێمە بۆ عەقڵمان بەو رێگایە نەشکاوە کە شاسوار باسی کردوە؟" دەشڵێت، "ئافەرم بە حکومەت و وەزارەت نەزانن تونێل چۆن چاک دەکرێت."

شاسوار عەبدولواحید لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەڵیت، "وەرە ئافەرم حکومەت و وەزارەت و ئەو هەمو وەکیل وەزیر و مودیر عامە، نەزانن تونێلەکە بە رێگایەک چاک دەکرێت پێی دەڵێن (injecting ) واتە (حقن - دەرزیلێدان)."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمرۆ وەزارەت و حکومەت وتویانە ئەوە ئێمە بۆ عەقڵمان بەو رێگایە نەشکاوە کە شاسوار باسی کردووە؟ پێشتر وتبویان دەبێت تونێلەکە تێک بدرێت و دانەیەکی تازە دروست کەنەوە!"
 
سەرۆکی جوڵانەوەکە دەشڵێت، "لەوەش بەقوەت تر، ئێستا دەڵێن تەعمیرەکەش 3 ملیۆن و 160 هەزار دۆلاری تێ دەچێت، ئێمە بە 160 هەزارەکە دەیکەن وەعد بێت، پارەشم ناوێت ، با ئەو سێ ملیۆنە لە دەربەندیخان و گەرمیان سەرف بکەن. جا بزانن ئاوها وڵات بەرێوە دەبەن ئەم نەزانانە!"

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، شاسوار عەبدولواحید، ئاشکرایکرد، "لەگەڵ تیمی ئەندازیاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی تونێلی دەربەندیخانیان کردووە و رۆژی چوارشەممە رێککەوتی 5ـی 10ـی 2022 دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکەن.

لە پەیامێکیشیدا بۆ حکومەتی هەرێم، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە حکومەت کرد رێگەی بەدیل بۆ شۆفێران بدۆزنەوە تا تەواوکردنی کارەکانیان.

دواتر، وەزارەتی‌ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، رایگەیاند،  تیمەکانی سەر بە وەزارەتەکەیان لەپارێزگای سلێمانی، لەکارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەکاربوون. 

ئاماژە بەوەشکراوە ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوای چەند سەردانێکی‌ مەیدانی‌ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رەزامەندی‌ وەزارەتی دارایی دێت لە 22ی حوزه‌یرانی 2022، بە تەرخانکردنی بڕی 187 ملیۆن و 828 هه‌زار دینار،  بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان. 

لە بەشێکی راگەیەندراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هاتووە: "ئەوە بۆ هاوڵاتیان رووندەکەینەوە، دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد، بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جددین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبوون و نەهاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبوون، تەنها نمایش و بانگەشەیەکی راگەیاندنیان بەڕێوەبردم بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085